ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر نیوەی داهات و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانە

24-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رادەستکردنى 50٪ى داهاتى نانەوتى و بەجێکردنى مووچە، هێشتا بەتەواوى لە نێوان هەولێر و بەغدا یەکلانەبووەتەوە، کە کڕۆکى کێشەى نێوانیانە. 
 
هەرچەندە رێککەوتنى بەرایی لەبارەیانەوە کراوە، وەزارەتى دارایی فیدراڵی عێراق نووسراوێکى لەبارەى بەجێکردن لە رێگەى تى بی ئاى ئاراستەى محەممەد شیاع سوودانى کردووە، مووچەى نیسانیش لەسەر بنەماى نامەیەکى سەرۆکى دادگەى فیدراڵی نێردراوە.
 
نیوەى داهاتى نانەوتى
 
سەرەتاى مانگى ئایاری ئەم ساڵ، شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى گەیشتوونەتە رێککەوتنێکى بەرایی لەبارەى پرسی رادەستکردنى داهات، بەشێوەیەک کە بۆ قۆناخى یەکەم 50٪ى داهاتى نانەوتى بەشێوەى نەختینەیی (کاش) بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی فیدراڵى لە بانکى ناوەندى.
 
ئەوە یەکەمجار بوو لە دواى ساڵى 2003 داهاتى هەرێمى کوردستان بە نەختینەیی رادەستى بەغدا بکرێت، پێشتر بە شێوەى پاکتاو یان لێبڕین کراوە.
 
ئەوەى کێشەى بۆ ئەو هەنگاوە دروستکرد، مەرجێکى وەزارەتى دارایی فیدراڵە بەوەى کە دەبێت سەرجەم داهاتى نانەوتى بە نەختینەیی بخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییە، تاوەکو دواتر 50٪ى ئەو داهاتە بدرێتەوە هەرێمى کوردستان بۆ خەرجییەکانی. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، داواکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بۆ ئەوەیە وردبینى لەو خەرجیانە بکرێت لەلایەن دیوانى چاودێریی دارایی عێراقەوە، کە لە چیدا خەرجکراوە و بڕى پارەکەى چەند بووە.
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق دەبێت هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عێراق، داهاتى نانەوتى و 50٪ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان رادەست بکەن.
 
جەمال کۆچەر گوتى: "کاتێک داهاتى 50٪ى خاڵێکى سنوورى دەدرێتە پارێزگایەک، بەپێى یاسای بودجە دەبێت وەزارەتى دارایی بزانێت لە چیدا خەرجکراوە".
 
بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، داهاتی ناوخۆ مانگانە نزیکەى 360 ملیار دینارە.
 
مانگانە پارەى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان زیاتر لە 900 ملیار دینارە، بەگوێرەى یاسای بودجە، دەبێت بەغدا مانگانە نزیکەى 300 ملیار دینارى دیکەى پێبدات بۆ خەرجى وەبەرهێنان و خەرجییەکانى دیکە، ئەو پشکە بەگوێرەى رێژەى 12.67٪ى پشکى هەرێمى کوردستانە لە بودجەى گشتیى عێراق.  
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تاوەکو ئێستا نزیکەى 36٪ى داهاتى هەرێمى کوردستان لەلاى بەغدا روون نییە کە سەرچاوەکەى کوێیە، لە راپۆرتى شەش مانگى کۆتایی 2023 ى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بۆ ئەو رێژەیە نووسراوە: داهاتى دیکە".
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى 2024دا 20.9 تریلیۆن دینارە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، 4.4 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. زۆرترین زیادکردنیش لە بودجەى وەبەرهێنانە، کە لە 2.7 تریلیۆن دینارەوە بووەتە 4.8 تریلیۆن دینار. 
 
بڕیارە لە قۆناخەکانى دیکەى دانوستاندنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ئەوە یەکلابکرێتەوە، کە داهاتى نانەوتى کامانەن کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا.
 
هەرێمى کوردستان داهاتى فڕۆکەخانە، پاسپۆرت و نشینگە، فەرمانگەى بارى شارستانى، 50٪ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان بە پشکى بەغدا دەزانێت وەک دامەزراوەى فیدراڵى  لە هەرێمى کوردستان.
 
زیادبوونى پارەى مووچە و دادگەى فیدراڵى
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو ناردنى مووچەى مانگى نیسان لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە لەسەر بنەماى نووسراوێک بووە، کە دادگەى فیدراڵیى عێراق بۆ  وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى ناردووە، دواى ئەوەى ئەو وەزارەتە داواى روونکردنەوەى لێکردووە.
 
نامەکەی دادگەى فیدراڵى بەو ئاراستەیە بووە، کە بەو پێیەى هەنگاوە کردارییەکانى بەجێکردنى مووچە و رادەستکردنى داهات دەستیانپێکردووە، مووچەى مانگى نیسان بۆ هەرێمى کوردستان بنێردرێت.
 
دیار نییە بۆ مانگى ئایار هەمان شرۆڤەى دادگەکە کارى پێدەکرێت یان دەگۆڕێت.
 
دارایی روونکردنەوە بە سوودانى دەدات  
 
شێواز و سرووشتى بەشداریکردنى بانکى عێراق بۆ بازرگانی (تى بی ئاى) لە بەجێکردنى مووچەى هەرێمى کوردستان یەکێکى دیکەیە لەو گرێییانەى تاوەکو ئێستا بە تەواوى لە نێوان هەولێر و بەغدا نەکراوەتەوە. 
 
بەگوێرەى دوو راگەیێندراوى بانکەکە و وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، تى بی ئاى بەشدار دەبێت لە بەجێکردنى مووچە نەک رۆڵى سەرەکى پێ بدرێت لە بەجێکردنى مووچە.
 
تائێستا وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ ئەوەدایە تى بی ئاى وەک بانکێکى فیدراڵى بەجێکردنى سەرجەم مووچە بکات لە هەرێمى کوردستان، وەک جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى فیدراڵى. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى هەفتەى رابردوو نووسراوێکى بۆ سەرۆکوەزیرانى عێراق ناردووە و پوختەکەی ئەوەیە کە بەشداریی تى بی ئاى لە بەجێکردنى مووچەى هەرێمى کورستان پڕاوپڕ جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵى نییە و دەبێت ئەو بانکە سەرجەم مووچەکان بەجێ بکات.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە دوو هەفتەى رابردوودا بە دوو گوژمە 821 ناوى مووچەوەرگرانى رەوانەى تى بی ئاى کردووە بۆ بەجێکردنیان.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە