رووداو دیجیتاڵ
دوو راپۆرت لە بارەى خشتەى بودجەى 2024 ئامادە دەکرێن، بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی خشتەکانی بودجە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریى دوو وەزیرى حکومەتى فیدراڵى دەکات.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "راپۆرتى یەکەم لەلایەن دەستەى راوێژکارانى لیژنەکەیانەوە دەبێت بۆ بەراوردکردنى لەگەڵ بودجەى 2023، لەسەر بنەماى ئەو راپۆرتەش لیژنەى دارایی راپۆرتێکى دیکە ئامادە دەکات بۆ پەرلەمان".
خشتەى بودجەى 2024، قەبارەکەى زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە، 21ى ئایار گەیشتە پەرلەمان، دواى دوو رۆژ لە پەسندکردنى لە ئەنجوومەنى وەزیران.
جەمال کۆچەر گوتی، هەفتەى داهاتوو کارى لیژنەکەیان لەسەر خشتەى بودجە چڕ دەکرێتەوە و میواندارى هەردوو وەزیرى دارایی، پلاندانان دەکرێت بۆ پرسیارلێکردنیان لە بارەى وردەکارییەکەى.
دوو هەفتە لە بەردەم پەرلەماندایە بۆ ئەوەى تاوتوێى خشتەى بودجەى 2024 بکات و دەنگى لەسەر بدات، بەوپێیەى لە 9ى حوزەیران پشووى پەرلەمان دەستپێدەکات.
داهاتى خەمڵێندراو لە بودجەى 2024 گەیشتووەتە 144 تریلیۆن و 336 ملیار دینار، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ