فالح داوود: بەپێی بڕیاری دادگە دەبێ مووچە لە رێگەی کارتی بانکییەوە بدرێت

24-02-2024
رێناس ساڵح
فالح داوود، شارەزای ئابووری و بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق میوانی بووڵەتنی ئابووری رووداو بوو.
فالح داوود، شارەزای ئابووری و بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق میوانی بووڵەتنی ئابووری رووداو بوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، دەبێ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هەروەکو ئەوانەی عێراق لە رێگەی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەبگرن.
 
دەشڵێت، مووچەخۆران دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی ATM و POS تەواوی مووچەکانیان وەربگرن، بەبێ ئەوەی هیچ زیادەیەکیان لێ وەربگیرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، فالح داوود، شارەزای ئابووری و بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق میوانی بووڵەتنی ئابووری رووداو بوو.
 
ئەو لەبارەی بارودۆخی لەمەودوای مووچەوە گوتی، "هیچ کێشەیەک بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت، هیچ دواکەوتنێک لە کاتی مووچە نابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بانکێک دیاری نەکراوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
 

 

 
مووچەخۆر چۆن پارە رابکێشێت؟
 
21ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەوەی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێ راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
 
فالح داوود، ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە پێدانی مووچە بەشێوەی کاش هەڵدەوەشێنێتەوە. مووچەخۆر دەتوانێت بەپێی پێویستیی خۆی پارە رابکێشێت.
 
پرۆسەکە بەو جۆرەیە وەزارەتەکان هەژمار دەکەنەوە لە بانکێکی تایبەت یان لە بانکێکی حکومی ئەوانەش بانکی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانی عێراق (TBI)ن. لە هەرێمی کوردستان لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین نین، تەنیا بانکی TBI لقی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
 
لەبارەی ئەوەی بانکی بازرگانی عێراق دەتوانێت یەک ملیۆن و 200 هەزار هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، فالح داوود گوتی، لەم قۆناغەدا دەبێت رێککەوتن بکرێت لەگەڵ بانکەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو مووچەی فەرمانبەران بدرێت، چونکە تائێستا میکانیزمەکە دیار نییە و هیچ بانکێک دیاری نەکراوە بەڵام دەتوانرێت پارەکە بنێردرێتە سەر هەژماری لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر.
 
 
پێداویستییەکانی دابەشکردنی مووچە
 
بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 4000 ئامێری ATM پێویستە،  تێچووی ئامێرێکی ATM لە 10 بۆ 15 هەزار دۆلارە، کاتی پێویست بۆ دانانی هەر ئامێرێکی ATM دوو رۆژ بۆ هەفتەیەکی پێویستە.
 
بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق باسی لەوەشکرد، کەوتنە بواری جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەوێتە سەر شێوازی دەرکردنی کارتە بانکییەکان کە بانکەکان چەند کاتیان پێویستە.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە 21ى شوباتى 2024، بڕیاریدا بە پابەندکردنی هەردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لە بانکەکانى حکومەتى فیدراڵى کە لە هەرێمى کوردستان کاردەن.
 
بە ئەلکترۆنیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق بە فەرمی پرۆژەی پارەدانی ئەلکترۆنی راگەیاندووە، بەوپێیەش گواستنەوەی پارە و پێدان و رسوماتی کارگێڕی لە هەموو وەزارەتەکان لە رێگەی کارتی بانکییەوە ئەنجام دەدرێت.
 
فالح داوود، لە بارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، ئەم بڕیارە فەرمانگە و دامودەزگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و پارەدان لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە ئەلکترۆنی، پێدانی باج و رسومات تاوەکو نیو ملیۆن دینار بەشێوەی کاش دەبێت. 

 

زیاتر ببینە: محەممەد شێخ فاتیح باسی هاتنی مووچە لەدوای بڕیارەکە دەکات، ئەمە وردەکاریی هاتنی مووچەکەیە

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە