ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق: دوای پەسندکردنی بودجە یاسای نەوت و گاز دەردەکەین

24-02-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، پرۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەکرێت.
 
زەینەب مووسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی فەتحە بە رادیۆی رووداوی گوت، دەرکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق، هەنگاوێکی "زۆر گرنگە"، چونکە دەتوانن لە رێگەی ئەو یاسایەوە "زۆر لە کێشەکان" چارەسەر بکەن.
 
زەینەب مووسەوی گوتیشی: "ئێمە وەکو ئەندامانی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەکەش بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت داڕشتن و نووسینەوەی پرۆژەیاساکە بەجۆرێک بێت کە کێشەکان بکات، خوازیارین پرۆژەیاساکە گرفتەکانی نێوان هەولێر  و بەغدا چارەسەر بکات." 
 
یەکەم کۆپیى رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لە ساڵى 2007 لەلایەن حکومەتى فیدراڵیی عێراقەوە ئامادەکرا کە لە 43 ماددە پێکهاتووە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان بەغدا و هەولێر لە پەرلەمان پەسند نەکرا. دواتر لە ساڵى 2011 پرۆژەیاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە کرا کە لە 49 ماددە پێکهاتبوو، بێ ئەوەى ئەو پرۆژەیاسایەش تاوتوێ بکرێت.
 
وەک زەینەب مووسەوی دەڵێت: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە کەرتی نەوت و گازدا تەنیا کێشەی کارگێڕی نین و بەشێکیان ناکۆکی و کێشەی سیاسیین، ئێستا دانوستاندن و گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر دەرچوواندنی یاساکە و خوازیارین لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی دەکرێت، لە دوای پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، پرۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی پەسندی بکەین. 
 
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "پەسندکردنی پرۆژەیاساکە کێشەکانی کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز چارەسەر دەکات و لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنانەی دەکرێت لەنێوان هەولێر و بەغدا رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز." 
 
زەینەب مووسەوی ئاماژەی بەوەش کرد، "دەرکردنی پرۆژەیاساکە بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەبێت و یاساکە لەبەرژەوەندی هەموو عێراق دەبێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە