لیژنەی دەستپاکی لەبارەی بردنی 3.71 تریلیۆن دینارەکەی دەستەی گشتیی باجەکان کۆدەبێتەوە

23-10-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممە 24-10-2022، لیژنەی دەستپاکی لەبارەی بردنی ئەو 3.71 تریلیۆن دینارەی دەستەی گشتیی باجەکان لە بانکی رافیدەین کۆدەبێتەوە و هەر لەوبارەوە رۆژی چوارشەممەش میوانداری هەریەک لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی دەکات. 
 
رۆژی یەکشەممە 23-10-2022، خالید سەلیم رێکانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی  راگەیاند، پێش نیوەڕۆی سبەی دووشەممە، لیژنەی دەستپاکی کۆدەبێتەوە، تێیدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەو رێکارانەی کە پێویستە لیژنەکەیان بیانگرێتەبەر لەبارەی بردنی ئەو 3.71 تریلیۆن دینارە لە هەژماری دەستەی گشتیی باجەکان لە بانکی رافیدەین. 
 
ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی چوارشەممەی داهاتووش لیژنەی دەستپاکی، میوانداری هەریەک لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی دەکات، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رێوشوێنەکانی ئەو لایەنانەیە لە دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە.
 
لە نێوان مانگى ئەیلوولی 2021 و ئابى 2022دا 3.71 تریلیۆن دینار کە دەکاتە 2.5 ملیار دۆلار لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باجەکانى عێراق لە بانکى رافیدەین "دزرا"؛ بەگوێرەى لێکۆڵینەوەى وەزارەتى دارایی عێراق، ئەو پارەیە دراوەتە پێنج کۆمپانیا کە شایستە نەبوون.
 
دادگە لەسەر ئەو پرسە، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ژمارەیەک بەرپرس و خاوەن کۆمپانیا دەرکردووە کە تۆمەتبارن بەوەى لەو دۆسیەیە گلاون.
 
بەپێی راپۆرتی دەستەی گشتیی باجەکان کە لە 10-10-2022 ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق کراوە، خاوەنی یەکێک لەو پێنج کۆمپانیایەی کە 2.5 ملیار دۆلارەکەی دەستەی باجەکانیان لە بانکی رافیدەین بردووە، کوردە کە بڕی 477 ملیار دیناری عێراقی بردووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، حوسێن کاوە عەبدولقادر، خاوەنی کۆمپانیای ریاح بەغدا بۆ بازرگانیی گشتیی سنوودار، لە 30-10-2021 لە شوێنی عەبد عەلی سالم بووەتە بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە. لە 5-12-2021 سەرجەم پشکەکانی تایبەت بە عەبد عەلی سەلیم فرۆشراوە بە حوسێن کاوە عەبدولقار و ئەو بووەتە خاوەنی سەرجەم پشکەکان و بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە.
 
بڕی ئەو پارەیەی کە ئەو پێنج کۆمپانیایە لە رێگەی 247 چەکی بانکی رایانکێشاوە بەمشێوەیەیە: 
 
- کۆمپانیای حوت ئەحدب بۆ بازرگانیی گشتی - سنووردار: 982 ملیار دیناری عێراقی. 
- کۆمپانیای ریاح بەغدا بۆ بازرگانیی گشتی - سنووردار: 477 ملیار دیناری عێراقی. 
- کۆمپانیای قانت بۆ بەڵێندەرایەتیی گشتی - سنووردار: 1.185 تریلیۆن دیناری عێراقی.
- موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی - سنووردار: 433.15 ملیار دیناری عێراقی. 
- کۆمپانیای بادیە سەما بۆ بازرگانیی گشتی - سنووردار: 624 ملیار دیناری عێراقی.
 
رۆژی 10-10-2022، دەستەی گشتیی باجەکان راپۆرتێکی لەبارەی داتاکانی حیساباتی (دڵنیایی) سپاردە لە دەستەی باجەکان بۆ وەزیری دارایی عێراق بە وەکالەت بەرزکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە لەسەر بنەمای ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە کە لە 6ی ئەیلوولی 2022 پێکهێنراوە، ئیدارەی ئێستای دەستەی باجەکان کاری وردبینی لە حیسابی (دڵنیایی) سپاردە لە دەستەی گشتیی باجەکان کردووە. لێکۆڵینەوە راپۆرتی کۆتایی ئامادەکردووە لەبارەی وردەکاریی کۆتایی جووڵەی حیسابەکە، ئەمەش دوای کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی سەرجەم زانیارییەکان.  
 
پوختەکەی بریتییە لەوەی کارگێڕیی دەستەی گشتیی باج گەیشتووەتە ئەم زانیارییانەی خوارەوە:
 
یەکەم: لە 9ی ئەیلوولی ساڵی 2021 تاوەکو 11ی ئابی 2022، بڕی 3.701.380.882.000 دیناری عێراقی راکێشراوە. 
 
دووەم: پرۆسەی راکێشانی پارەکە لە رێگەی 247 چەکی بانکی لەو حیساب بانکییە راکێشراوە.
 
سێیەم: سەرجەم چەکەکان تەنیا لەلایەن پێنج کۆمپانیا بووە کە بریتین لە:
 
- قانت بۆ بەڵێندەرایەتیی گشتی
- حوت ئەحدەب بۆ بازرگانیی گشتی
- ریاح بەغدا بۆ بازرگانیی گشتی
- موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی
- بادیەی سەما بۆ بازرگانیی گشتی
 
چوارەم: ئەو کۆمپانیانەی لە سەرەوە ناویان هاوتووە، هیچ پارەیەکی دڵنیاییان دانەناوە و هیچ بریکارێکیان نەبووە لەلایەن لایەنی سێیەمەوە بۆ راکێشانی دڵنیایی باج، بۆیە بەهیچ شێوەیەک هیچ پاساوێک بۆ راکێشانی ئەو پارەیە نییە.
 
پێنجەم: ئەم بڕە پارە چەکە بە کاش راکێشراوە لەلایەن ئەو کۆمپانیانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە، دوای دانانی چەک لە بانکی رافیدەین.
 
شەشەم: چەکەکان لەلایەن حیسابانی دەستەی باج تۆمار نەکراون.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە، ئەم پارەیە لە پارەی دڵنیایی سەر بە دەستەی گشتیی باجەکان لە بانکی رافیدەین دزراوە لە رێگەی247 چەکی بانکی، لەلایەن ئەو پێنج کۆمپانیاوە، بەپێچەوانەی یاسا و بەبێ ئەوەی شایستەی مافیان هەبێت ئەو کارەیان کردووە.
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی سێشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی هەریەک لە هیام نیعمەت، وەزیری دارایی بە وەکالەت و تەیف سامی، بریکاری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین و بەڕێوەبەری دەستەی باج بە وەکالەتی کرد، بەمەبەستی پرسیار و گفتوگۆکردن لەبارەی دیارنەمانی 3.71 تریلیۆن دینارەکەی هەژمارەی دەستەی باج لە بانکی رافیدەین. ئەو بەرپرسانە روونکردنەوەیان لەوبارەوە دا.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، ئەو بابەتە گەیشتووەتە ئاستێک کە کاری لیژنەی دارایی نەماوە، بەڵکو گەیشتووەتە دادگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێکۆڵینەوە، رێچکە یاساییەکەی گرتووە لەبارەی ئەو کەس و لایەنانەی تێوەگلاون یان لە داهاتوودا روون دەبێتەوە کە تێوەدەگلێن.
 
د. نەرمین مەعرووف دەڵێت، ئەو پارەیەی راکێشراوە، وەک دڵنیایی لە کۆمپانیاکان وەردەگیرێت بەرامبەر جێبەجێکردنی گرێبەست لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت. ئەو دڵنیاییە بۆ ئەوەیە لەکاتی تەواوبوونی ئەو گرێبەستە لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکە، بۆ پاکتاوکردنی دارایی بەکاردێت، ئەگەر کۆمپانیاکە هەرچی لەسەر بێت لێی وەردەگیرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەدرێتەوە. 
 
لەبارەی چۆنیەتیی راکێشانی ئەو پارەیە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە، ئەو پارەیە لە هەژماری دەستەی گشتیی باج بووە لە بانکی رافیدەین و لە مانگی 9ی ساڵی رابردووەوە تاوەکو مانگی 8ی ئەمساڵ بە 247 جار واتا 247 چەکی بانکی پارەکە راکێشراوە، کەمترین بڕی پارەی راکێشراو 10 ملیار دینار و زۆرترینیان 120 ملیار دینار بووە. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پارە بۆ بەرژەوەندیی پێنج کۆمپانیا راکێشراون کە تازە دامەزراون، بەشێکیان تەمەنی نەبووەتە ساڵێک و ئەم پارەیان پێدراوە، بەو حیسابەی ئەمە پارەی ئەوانە و پێیاندراوەتەوە، لەکاتێکدا خاوەنی راستەقینەی ئەو پارە خەڵک و کۆمپانیای دیکەن، نەک ئەمانە. دەشڵێت، ئەم پێنج کۆمپانیایە پارە و گرێبەستیان نییە، خاوەنی ئەو پارەیەش نین لە دەستەی باج. هەروەها خاوەنی راستەقینەی ئەو پارانە ئێستا بۆیان نییە داوای پارەکانیان بکەنەوە.
 
رۆژی 18ى تشرینى یەکەمى 2022، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخ لە بەغدا بڕیاریداوە ژمارەیەک بەرپرسى دەستەى گشتیى باجى گشتیى عێراق راپێچى دادگە بکات، بەمەبەستى لێکۆڵینەوە لەبارەى دۆسیەى بردنى 2.5 ملیار دۆلارى پارەى ئەو دەستەیە کە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەى شایستەى وەرگرتنى بن.
 
ئەو بەرپرسانەى فەرمانى راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگە دەرکراوە بریتین لە بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گشتیى باج و یاریدەدەرەکەى، سەرپەرشتیارى هۆبەى دارایی و چاودێرى، بریکارى هۆبەى دارایی و بەڕێوەبەرى هۆبەى دارایی دەستەکە.
 
ئەو بڕیارى راپێچکردنە بۆ بەردەم دادگە بەگوێرەى ماددەى 340ـى یاسای سزادانى عێراقییە، بەتۆمەتى ئەوەى زیانیان بە پارەى وەزارەتى دارایی گەیاندووە لە رێگەى خەرجکردنى پارەى بارمتەى دارایی باج، بەگوێرەى ئەو ماددەیە کە تایبەتە بە زیانگەیاندنى بەمەبەست بە پارەى گشتى، سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، دادگەى لێکۆڵینەوەى دووى کەرخ لەسەر هەمان دۆسیە بڕیاریداوە هەژمارى بانکى ئەو کۆمپانیایانە بلۆک بکات کە ئەو پارەیەیان بردووە و فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ خاوەنى کۆمپانیاکان دەرکرد و لیژنەیەکى وردبینیى هاوبەش لەنێوان وەزارەتى دارایی، دەستەى گشتیى باج، بانکى رافیدەین و دەستەى دەستپاکى پێکبهێندرێت بۆ زانینى تەواوى ئەو پارانەى خەرجکراون.
 
رۆژی 15ی تشرینى یەکەمى 2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت لە تویتێکیدا رایگەیاند: "2.5 ملیار دۆلارى پارەى دەستەى گشتیى باجى عێراق لە بانکى رافیدەین دراوەتە ژمارەیەک کۆمپانیا." ئەوەشى بە "دزیکردن" ناوبردووە و دەڵێت: "ئەو کاتەى وەزیرى دارایی بووم بە وەکالەت لێکۆڵینەوەمان لەو دۆسیەدا کردووە و ئەنجامەکەیمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان."
 
پڕۆفایلی کۆمپانیاکان:
 
کۆمپانیای ریاح بەغدا بۆ بازرگانیی گشتی - سنوودار
 
- لە 28-7-2021 دامەزراوە.
- خاوەنەکەی عەبد عەلی سالمە.
- سەرمایەکەی یەک ملیۆن دینار بووە. 
- لە 2-8-2022  عەبد عەلی سەلیم، وەک بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە دیاریکراوە.
- لە 4-9-2021 سەرمایەی کۆمپانیاکە لە ملیۆنێک دینار بۆ ملیارێک و یەک ملیۆن دینار زیادیکردووە. 
- لە 30-10-2021 عەبد عەلی سالم لە پۆستەکەی نەماوە و حوسین کاوە عەبدولقادر بە بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە دیاریکراوە.
- لە 5-12-2021 سەرجەم پشکەکانی تایبەت بە عەبد عەلی سەلیم فرۆشراوە بە حوسێن کاوە عەبدولقار و ئەو بووەتە خاوەنی سەرجەم پشکەکان و بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە.
 
کۆمپانیای حوت ئەحدب بۆ بازرگانیی گشتی - سنووردار
 
- لە 6-7-2021 دامەزراوە.
- کاتی دامەزراندنی، عەلی جاسم محەممەد، خاوەنی سەرجەم پشکەکان بووە.
- لە 13-7-2021 عەلی جاسم محەممەد، بە بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە دیاریکراوە.
- لە 8-8-2021دا سەرمایەی کۆمپانیاکە لە ملیۆنێک دینار بۆ  ملیارێک و یەک ملیۆن دینار زیادی کردووە.
- لە 30-10-2021، عەلی جاسم محەممەد لە پۆستەکەی نەماوە و قاسم محەممەد محەممەد بە بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە دیاریکراوە.
- لە 5-12-2021دا عەلی جاسم محەممەد، سەرجەم پشکەکانی فرۆشتووە بە قاسم محەممەد محەممەد و ئەو بووەتە خاوەنی سەرجەم پشکەکان و بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیاکە.
 
 
کۆمپانیای بادیە مەسائـ بۆ بازرگانیی گشتی - سنووردار
 
- لە 28-7-2021 دامەزراوە.
- لەکاتی دامەزراندنی حازم محەممەد کەریم حوسێن خاوەنی سەرجەم پشکەکانی بووە.
- سەرمایەکەی یەک ملیۆن دینار بووە.
- لە 4-9-2021دا سەرمایەی کۆمپانیاکە لە ملیۆنێک دینار بۆ ملیارێک و یەک ملیۆن دینار زیادی کردووە.
- لە 25-10-2021 حازم محەممەد کەریم لە پۆستەکەی نەماوە و لە شوێنی ئەودا عەبدولڕەحمان محەممەد ئیبراهیم دانراوە.
- لە 5-12-2021دا حازم محەممەد کەریم هەموو پشکەکانی فرۆشتووە بە عەبدولڕەحمان محەممەد ئیبراهیم.
- لە 17-3-2022 دا عەبدولڕەحمان محەممەد ئیبراهیم لە پۆستەکەی نەماوە، عەبدولهادی تۆفیق عەبدولهادی بە بەڕێوەبەری راسپێردراوی کۆمپانیا دانراوە.
 
موبدیعون بۆ خزمەتگوزاریی نەوتی - سنوودار
 
- فراس شکیس زاهیر و ئەیمەن مەهدی ساڵح جبووری خاوەنی بوونە.
- لە 9-3-2006 دامەزراوە.
- ئەیمەن مەهدی جبووری، بەڕێوەبەری راسپێردراوی کۆمپانیاکە بووە.
- لە 10-12-2017دا پشکەکانی فرۆشراوە بە نوور زوهێر جاسم. 
- لە 13-5-220 سەرمایەی کۆمپانیاکە لە دوو ملیۆن دینار زیادبووە بۆ 10 ملیار دینار. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.