شاندێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

23-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی و دیوانى چاودێریى دارایی پرسی بودجە و مووچە تاوتوێ دەکەن. 
 
محەممەد خوزاعی، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیای رووداوى راگەیاند: "ئەو شاندەى لیژنەکەیان سێشەممە، 24ـى ئەیلوول سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات". 
 
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، شاندەکە لە ژمارەیەک ئەندامى لیژنەى دارایی پێکهاتووە و عەتوان عەتوانی، سەرۆکى لیژنەکە سەرۆکایەتیى شاندەکە دەکات. 
 
محەممەد خوزاعی رایگەیاند، ئەو شاندەى لیژنەى دارایی پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی و دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مووچە و لابردنى بەربەستەکانى بەردەمیان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى و کۆتاییهێنان بە هەڵاى نێو راگەیاندن لەسەر ئەو پرسە. 
 
رووداو زانیویەتى یەکێک لەو پرسانەى شاندەکەى لیژنەى دارایی لە هەرێمى کوردستان تاوتوێى دەکات، داهاتى ناوخۆیی هەرێمى کوردستانە.
 
سەردانى ئەو شاندە لە کاتێدایە 23ـى ئەیلوول وەزارەتى دارایی عێراق 572 ملیار دینارى وەکو تەواوکارى مووچەى مانگەکانى تەممووز و ئاب رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد، بەڵام بۆ مووچەى مانگى ئاب 243 ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە