رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، لە دەروازەی سنووری پەروێزخان و باشماخەوە بەرهەمی کشتوکاڵی بە قاچاخ دێتە نێو هەرێمی کوردستان و ئەوەش زیانێکی زۆری لە جووتیاران داوە.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردن لە بوڵتەنی کاژێر 4:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستمان بەسەر چەندین تۆن سەوزە و میوەدا گرتووە کە بە نایاسایی هاتووەتە نێو هەرێمی کوردستان و ئەمەش بەشێوەیەکی رێکخراو دەکرێت. دەشڵێت، ئەو بەرهەمە كشتوکاڵییانە لە دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان و باشماخەوە هاوردە دەکرێن، ناشکرێت بڵێین کەس ئاگای لێ نییە، دەبێت لە رێگەی ئاسایش و پۆلیسی سنوورەوە رێگریان لێ بکرێت.
سەبارەت بە سزادانی ئەو کەسانەی بە قاچاخ بەرهەمە کستوکاڵییەکان هاوردە دەکەن، بەڕێوبەری کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، حکومەت تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو کەسانە بدۆزێتەوە کە لە پشت هێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانن، ئەوەی کە دەستگیردەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت تەنیا بارهەڵگرەکانن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، وەزارەتی کشتوکاڵ ناتوانێت هیچ قەرەبووی ئەو جووتیارانە بکاتەوە کە بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی قاچاخەوە زیانیان بەرکەوتووە و بەرهەمەکانیان ساخنەبووەتەوە.
لەبارەی پلانی ساڵانەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ هەمەجۆرکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیاران، شاڵاو جەمال دەڵێت، جگە لە ئامۆژگاری ناتوانین هیچی دیکە بۆ جووتیاران بکەین، چونکە پێویستی بە پاڵپشتی و بودجە هەیە کە لەبەردەستی ئێمەدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ