رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا پەیامی دڵنیایی بۆ بانکەکانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرجەم ئامرازەکان بۆ کاراکردنی بازاڕە داراییەکان بەکاردەهێنن.
بەیانی رۆژی 19ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەستگیرکرا. هەمان رۆژ کاریگەریی دەستگیرکردنەکە بەسەر بۆرسای ئیستەنبووڵ و بازاڕە داراییەکان دەرکەوت. لیرەی تورکی لە دوو کاژێردا بە رێژەی 6٪ بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان دابەزی.
رۆژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، یەک دۆلاری ئەمریکی لە 36.49 لیرەی تورکییەوە بۆ 42.11 لیرە بەرزبووەوە. میدیای تورکیا و میدیاکانی ئەورووپا رایانگەیاند، بانکی ناوەندی تورکیا بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ و گەڕاندنەوەی بەهای تورکیا بۆ دۆخی جارانی، لە ماوەی هەشت کاژێردا 11.6 ملیار دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە. بەمەش دۆلارێکی ئەمریکی بۆ ئاستی 37.83 لیرە پاشەکشەی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، بانکی ناوەندیی تورکیا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی سەرجەم بانکەکانی تورکیا رێکخست. تێیدا پەیامی دڵنیاییان بە بانکەکاندا بەوەی کۆنترۆڵی تەواوی بازاڕە داراییەکانیان کردووە و سەرجەم ئامرازەکانیان بۆ کاراکردنی بەکارهێناوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندی و بانکەکانی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتەکانی چوار رۆژی رابردوویان کرد کە لە ئەنجامی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کەوتەوە.
هاوکات بانکەکانی تورکیا ترس و نیگەرانی خۆیان لە ئەگەری کشاندنەوەی پشکی بانک و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەکان خستەڕوو، بەڵام بانکی ناوەندی تورکیا لەمبارەیەوە پێداگرییان لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و گەیاندنی پەیامی دڵنیاییەکار بۆ سەرجەم لایەنەکان بڵاوکردەو.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە بە هاوئاهەنگی و دەستبردن بۆ مامەڵە داراییەکان بەپێی پێوەرە ستاندەردەکانی بازاڕەکان کارەکانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ