رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 267 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت، ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 22-05-2023 بانکی ناوەندیی عێراق 267 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، کە 25.1 ملیۆن دۆلاری بە کاش و 241.9 ملیۆن دۆلاری بە حەواڵە بوو.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی 147 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری خستە بازاڕەوە، کاژێر 13:32 خولەک 100 دۆلاری ئەمریکی بە 146 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر گوتی: " زەحمەتە ئەمڕۆ یان ئەم یەک دوو رۆژە بەهای دینار زۆر بەرزببێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 21-05-2023 بانکی ناوهندیی عێراق پەیوەست بە بهکارهێنان و راکێشانی پاره له کارته بانکییهکان له ئامێرهکانی ATM چهند بڕیار و رێنماییهکی نوێکردەوە و رایگەیاند، نابێت هیچ کارتێک لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت و خستنه سهری پارهش بۆ ههر ههژمارێکی کارتی مانگانه نابێت له 10 ملیۆن دیناری عێراقی تێپهڕ بکات.
بەگوێرەی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژانە راکێشانی پارە تهنیا 300 دۆلار رێگهی پێدراوه. حاجی سابیر باواجی دەشڵێت، "تاوەکو ئەو کارتانە سنووردار بن زەحمەتە بەهای دینار بەرزببێتەوە."
لە کۆتایی مانگی نیساندا بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار لەنێوان 141 بۆ 142 هەزار دینار بوو، بەڵام لە نێوەڕاستی مانگی ئایارەوە بەهای دینار رووی لە نزمبوونەوە کردووە.
لە 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیر بوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند. ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ