رووداو دیجیتاڵ
ساڵی رابردوو رووسیا گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ چین و 107.02 ملیۆن تۆن نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە، ئەمەش سەرەڕای سزاکانی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر کەرتی وزەی رووسیا. ئۆکرایناش بۆ زیان گەیاندن بە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە و لاوازکردنی ئابوورییەکەی، شەوی رابردوو دوو کۆگای نەوت و گازی گەورەترین کۆمپانیای هەناردەکردنی گازی لە رووسیا ئاگرتێبەردا، لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانەشدا ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزی.
گومرکی چین داتاکانی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی بۆ وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، کە ساڵی رابردوو بە قەبارەی 563.99 ملیۆن تۆن نەوتی هاوردە کردووە، لەنێو وڵاتانیش رووسیا گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ چین لە ساڵی 2023 و 107.02 ملیۆن تۆن نەوتی هەناردەی چین کردووە، کە یەکسانە بە رۆژانە 2.14 ملیۆن بەرمیل، بەوەش شوێنی سعودیەی گرتووەتەوە کە هەناردەی نەوتی بۆ چین لە ساڵی رابردوو بە رێژەی 1.8% دابەزیوە، کە 85.96 ملیۆن تۆنە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی رووسیا بۆ چین و هیندستان ئەوەیە کە نەوتی رووسیا بە داشکانی گەورە دەفرۆشرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی وڵاتە ئەوروپییەکان ئاستی 60 دۆلاریان بۆ نرخی نەوتی رووسیا دەستنیشان کرد.
ئۆکراینا هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی نەوت و گازی رووسیا
دوای ئەوەی چین، رووسیای وەکو گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ وڵاتەکەی ناوبرد، ئۆکراینا هێرشی کردە سەر بەندەری گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی گاز لە رووسیا و دوو کۆگای نەوت و گازی لە بەندەری ئۆست لۆگا ئاگرتێبەردا.
ئۆکراینا لە کەشێکی زۆر سارددا کۆگاکانی نەوت و گازی رووسیای گەرمکردەوە بە ئاگرتێبەردانیان. کۆمپانیای نۆڤاتێک، کە گەورەترین هەناردەکاری گازی شلی رووسیایە، رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی وێستگەیەکی گاز لە بەندەری ئۆست لۆگا لە دەریای باڵتیک کردەوەیەکی دەرەکی بووە، هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە و ئاگرەکەشی کۆنترۆڵ کراوە.
لە بەرامبەردا ئۆکراینا رایگەیاند، دوو کۆگای نەوت و گازی لە رووسیا کردووەتە ئامانج. ئەمەش یەکەمجار نییە هێرش دەکرێتە سەر ژێرخانی وزەی رووسیا.
لە مانگی ئەیلوولی 2022دا بۆریی گازی نۆرد ستریم، کە بڕیاربوو گازی رووسیا لەڕێگەیەوە هەناردەی ئەڵمانیا بکرێت، تەقێندرایەوە.
سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، نرخی نەوت دابەزی
لە هەر وڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت و هاوردەکاری نەوت ئاڵۆزی دروست ببێت، نرخی نەوت دەگۆڕێت، ئێستا ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر بەندەری گواستنەوەی سووتەمەنی لە رووسیا و مەترسی لەسەر گواستنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان هەیە لە دەریای سوور، بەڵام ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزی.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە 78 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوە کرا، یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش یەک بەرمیل بە 73 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تۆنی سایکامۆر، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "سەرەڕای مەترسییە جیۆسیاسییەکان و هێرشی درۆنیی ئۆکراینا بۆ وێستگەیەکی گاز لە رووسیا، نرخی نەوت دابەزیوە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی گەورەی نەوتی جیهان زیادیکردووە، لە کاتێکدا رەوشی ئابووریی چین و ئەوروپا باش نییە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆئەوەی ئاسۆی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت تەمومژاوی بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ