رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 232 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، بەڵام بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار روو لە دابەزینە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، ئێستا 100 دۆلار بە زیاتر لە 150 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 بانکی ناوەندیی عێراق 232.2 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، کە 29.9 ملیۆن دۆلار بە کاش و 202.3 ملیۆن دۆلار بە حەواڵە بوو.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی بڕیاری سزادانی چەند بانکێکی عێراقی لەلایەن ئەمریکاوە بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین، کاژێر 12:08 خولەکی نیوەڕۆ لە بازاڕی دراوی هەولێر بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوە کرا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر پێشبینی دەکات بەهای دینار زیاتر دابەزێت و 100 دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 152 هەزار دینار مامەڵەی پێوەبکرێت.
رۆژی چوارشەممە 19ی تەممووز، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاندووە، کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون.
ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بەهای دینار هات، لە کاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە بەهای 100 دۆلار لە سەرووی 148 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ