وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: کێشەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەرکرا

20-04-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کێشەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە هەولێر چارەسەرکراوە و پارەیشیان بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە تاوەکو لەوێش دابەشکردنەوەی مووچە دەستپێبکاتەوە.
 
هاوکات محەممەد مەلا حەسەن، بەڕێوەبەری بانکی حەمرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەی مووچەی خانەنشینانیان چارەسەرکردووە و داوا لە خانەنشینان دەکات تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەر خانەنشینێک بێت بۆ مووچە وەرگرتن، مووچەکەیان پێدەدەن.
 

 

 
 
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، لە سلێمانی بە بڕیاری بانکی ناوەندیی هەرێم دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان راگیراوە، لە هەولێریش بە بڕیاری بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان راگیراوە. "وەزیری دارایی زۆر نیگەرانە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێندرێت لەسەر ئەو رووداوە."     

 

بەشێک لە دەقی گوتەکانی هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان 
 
رووداو: زانیاریتان هەیە کە دابەشکردنی مووچە و ئەو کێشەیەی کە دروست بووە لە هەولێر چارەسەرکراوە یان نا؟
 
هونەر جەمال: نیوەڕۆتان باش، نیوەڕۆی بینەرانی بەڕێزی رووداو باش، دیارە بەداخەوە پێمخۆش بوو لەم کاتەدا ئێمە لەسەر هەندێک بابەتی گرنگتر قسە بکەین کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ململانێ سیاسییەکان وایکردووە ئێستا ئێمە لەسەر راگرتنی مووچە و دەستپێکردنەوەی مووچەی توێژێکی گرنگ قسە بکەین کە بە خۆشحاڵییەوە کەمێک لەمەوپێش دوای ئەوەی هەر لە شەوی رابردووەوە بەڕێز وەزیری دارایی لەسەر هێڵە، مووچەی خانەنشینان لە هەولێر دەستیپێکردەوە و لە سلێمانیش پارە بۆ بەشێک لە بانکەکانی ئیدارەکانی راپەڕین و چەمچەماڵ و ئەوانەی تایبەتن بە مووچەی خانەنشینانی شۆڕش ئەیلوول و گوڵان نێردراوە و لەوێش دەستیپێکردووەتەوە.
 
ئەگەر دەرفەت هەبێت بە کورتی باسی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە بکەم؛ دیارە شەوی رابردوو بەڕێز بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی رێنمایی بە بانکەکان داوە کە بەیانی دەوام نەکەن و مووچە دابەش نەکەن، لە کاردانەوەی ئەمەدا ئەمڕۆش هەر لە هەولێر بەڕێز بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی گشتی راگرتبوو، نەک ئەوەی کە هی لایەنێکی راگرتبێت و هی لایەنێکی دابەشکردبێت، بەڵام دیارە دوای ئەوەی لە هەولێر کاردانەوە دروستبوو، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێمیش لە سلێمانی هەر ئەمڕۆ هاتووەتە سەرهێڵ و نووسراوی دەرکردووە کە تەمویل و پارەی پێویست بۆ بەشێک لە بانکەکان بنێرن بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی ئەیلوول و گوڵان دەستپێبکەنەوە. 
 
رووداو: ئێستا کێشەکە لە چییەوە دروستبووە کە سەرەتا دەڵێن، سبەی دەوام ناکەن و مووچە دابەش ناکرێت، دواتر داوای پارەی زیاتر دەکەن، کێشەکە بۆچی دروستبووە، بۆچی سلێمانی ئەو بڕیارەی داوە؟
 
هونەر جەمال: ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی دارایییەوە هەبێت، ئێمە دوا دیناری پشکی سلێمانیمان ناردووە، یانی ئەم مانگە ئێمە قەرزمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لە پشکی داهاتی نەوت بۆمان دروستبووە، لە مانگی سێ پڕی بکەینەوە کە مانگانە 740 ملیار دینارە. ئێمە 127 ملیار دینارمان قەرز کردووە بۆ ئەوەی 740 ملیار دینارەکە پڕ بکەینەوە و بەشی سلێمانیمان 289 ملیار و 500 ملیۆن دینار بە چەند گوژمەیەک ناردووە، کە دوایین گوژمەیان رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بووە، واتا هیچ کەمتەرخەمییەک لێرەوە نەکراوە، لە لایەن وەزارەتی داراییەوە وەکو مانگەکانی پێشوو ئێمە تەمویلی سلێمانیمان ناردووە و ئەوەی کە ماوەتەوە 73 ملیار دینارە کە پێویستە لە داهاتی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و هۆکاری ئەمەش بەڕاستی کێشەکانی سلێمانی کێشەی سیاسین، لە وەزارەتی دارایی چارەسەر ناکرێن، وەزیری دارایی بەڕێزیان سێ یان چوار ساڵە لەم کابینەیە بەشێکی زۆری کاتەکانی بۆ چارەسەری کێشەی سلێمانی تەرخانکردووە، هەر لە دابینکردنی مووچە، دابینکردنی خەرجی؛ تەنیا لە دەرەوەی ئەو بڕەی کە پشکی سلێمانییە.
 
لە مانگی پێشووتر 34 ملیار دینار زیادەمان بۆ سلێمانی ناردووە لە ساڵی پێشوو لە چەند مانگی ساڵی پێشوو، جارێکی دیکە 29 ملیار دینار زیادەمان بۆ سلێمانی ناردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی بتوانین کورتهێنانی سلێمانی کەم بکەینەوە و کێشەی دواکەوتنی مووچە و نەختینەیی لە سلێمانی چارەسەر بێت، بەڵام ئەمە لە هەولێریش هەیە، ئێمە ئەم هەفتەیە کێشەی نەختینەییمان لە هەولێر بۆ دروستبووە، بەڵام لە بانکەکانی هەولێر لەبەر ئەوەی نەختینەیەک هەیە، (وەفرێک) هەیە کە لە حیسابێکی دیکە دایە، دەتوانین بەکاری بهێنین و دواتر لە داهاتی ناوخۆ بیخەینەوە شوێنی خۆی، بەڵام لە سلێمانی بەداخەوە لە 2021 و 2022 پارەیەکی زۆری وەفرمان هەبووە کە هەر هەمووی دەستکاری کراوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان بەکارهێنراوە و ئێستا هیچ پارەیەکی نەختینەیی، هی فەرمانگەکان، هی هاووڵاتییان یان کۆمپانیاکان لەم بانکانەدا لەبەردەست نییە کە لە حاڵەتێکی ئاوا نزیکی جەژن، بتوانیت مووچەی خەڵک بدەیت و دوای جەژن بتوانیت پارەکە لە داهاتی ناوخۆ بخەیتەوە شوێنی ئەو حیسابانە.
 
 رووداو: ئەمڕۆ ئەم وێنانەی کە لە هەولێر بینیمان بۆ دابەشکردنی مووچە، لە سلێمانی، راپەڕین و گەرمیانیش دەیبینین؟

هونەر جەمال: بەڵێ دیارە ئەوەندەی کە پەیوەستە بەو خانەنشینانەی کە ئەمڕۆ بڕیارە مووچەکانیان وەربگرن، بەڵێ لەوێش دەستپێدەکاتەوە و ئەوەندەی زانیاریم بە دەست گەیشتووە تا کۆتایی رۆژەکە دەوام دەکەن، تا ئەو کاتەی هەموو ئەو کەسانەی کە پێویستە مووچەکانیان وەربگرن، دەمەوێت باس لەوە بکەم بەشێک لە راگەیاند و میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە شەوی رابردوو بە بڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی مووچەی خانەنشینان لە هەولێر راگیراوە، دیارە چ ئەوەی لە سلێمانی کراوە بڕیارێکی تاک لایەنەی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێمە لە سلێمانی کە خۆی بەداخەوە ئێستا ململانێ سیاسییەکان چووەتە ناو جەرگەی حکومەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی قوت و مووچەی خەڵک رابگیرێت، ئەمە کارەساتێکی گەورەیە و هەر بەڕێزێکیش، هەر بەڕێوەبەرێکی بانک بە ناوی وەزیری داراییەوە قسەی کردبێت کە رێنمایی لە ئەو وەرگرتووە بۆ راگرتنی مووچە، ئێمە کاردانەوەی پێویستمان دەبێت و دووری دەخەینەوە و دەیدەینە دادگە، بە نیسبەت ئەو کێشەیەی کە ئەمڕۆش دروست بووە، بەڕێز وەزیری دارایی بڕیاری داوە لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک بهێنێت، دوای جەژنیش رێکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بزانین کێ هۆکاری دروستبوونی ئەم کێشەیە بووە بۆئەوەی لایەنی پەیوەندیدار و لایەنی بەرپرس لەم کێشەیە سزای پێوستی خۆی وەربگرێت.

رووداو: وەزیری دارایی رێکارەکان لەوبارەوە دەگرێتەبەر؟

 هونەر جەمال: بەڵێ رێکارەکان دەگرێتەبەر و هەر لە شەوی رابردووەوە لەسەر هێڵە و ئێمە لەگەڵ بەڕێز نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانیش لەسەر هێڵ بووین کە ئەوان بتوانن دەورێکی گرنگ ببینن بۆ ئەوەی ئەم ململانێ سیاسییە نەیەتە نێو وەزارەتی دارایی. ئێمە هەوڵمان داوە بەیەک ئاست لە هەردوو لا دوور بین و نەبین بە بەشێک لەو ململانێیە سیاسییە، بەڵام بەداخەوە هەندێکجار ئەوەندە ململانێیەکە تووند دەبێت کە کاریگەری لەسەر مووچە و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

رووداو: ئەوەی هەولێر چۆن چارەسەرکرا؟

هونەر جەمال: بە نیسبەت داهاتەکە ئەگەر بڕەکە کەمیش بێت، داهاتی پێویستیش نەبێت، یانی بۆ کۆی خانەنشینان تۆ دتوانیت ئەوەندەی ئێستا بەردەستە دابەشی بکەیت، بەڵێ لە سلێمانی تەمویل کراوە، دوێنێ بە تایبەتی بۆ خانەنشینانی ئەیلوول و گوڵان تەمویل کراوە و لە هەولێریش بەڵێ پارەی پێویست هەبووە لە هەندێک بانکیش کێشەی نەختینەییمان هەبووە، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم دا، ئێمە دەتوانین لە هەندێک پارەی دیکە کەڵک وەربگرین و دوایی لە داهات بیخەینەوە شوێنی خۆی، ئێمە ئەمانەمان کردووە، بەڵام بەداخەوە لە سلێمانی ئەم دەرگایەمان لێ داخراوە، لەبەر ئەوەی هیچ پارەیەکی وەفر و نەختینەمان نییە کە بتوانین لە حاڵەتێکی ئاوا پێویستدا کەڵکی لێوەربگرین و دواتر دوای جەژن بتوانین لە داهاتی ناوخۆ بیخەینەوە  شوێنی خۆی.


رووداو: ئەوەی کە دەڵێن لە سلێمانی بڕیاری داوە، بانکی هەرێمە لە سلێمانی، لە هەولێر کێ بڕیاری راگرتنی راگرتنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی دەرکرد؟

هونەر جەمال: وەزارەتی دارایی ئەو بڕیارەی نەداوە و بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان لە کاردانەوەی ئەوەی کە  بەڕێزیان پارەی ناردووە بۆ مووچەی خانەنشینانی ئەیلوول و گوڵان کە لێرە [سلێمانی] بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم ئوە پارەیەی دابەشنەکردووە و رێنمایی نەداوە بە بانکەکان کە بەیانی دەوام بکەن، بەڕێز بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەولێریش، لە کاردانەوەی ئەوەدا، یانی هەردوو حاڵەتەکە لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەت و بەبێ رەزامەندی وەزیر بووە و هەردوو [بڕیار] تاک لایەنە بووە و بەڕێز وەزیری دارایی زۆر نیگەرانی ئەمەیە و رێکاری پێویست لەوبارەوە دەگرێتەبەر و بە دڵنیاییەوە لیژنەی تایبەتمەندیش پێکدێنێت. 
 
رووداو: وەزارەتی دارایی چی دەکات بۆ ئەوەی هەردوو لا دەست بکەن بە دابەشکردن و جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە؟

هونەر جەمال: بەڕاستی کێشەکە کەڵەکەبووە، پارتی و یەکێتی ئێستا لە ململانێیەکی توونددان، ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر هەموو دامودەزگاکانی حکومەت هەیە، ئەوەندەی پەیوەستە بە ئێمە، زۆر هەوڵمانداوە لەو ململانێیە دوور بین، وەک وەزارەتێک کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە کە دابینکردنی قوتی مووچە و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لەو پێناوەشدا ئەوەی بەڕێز وەزیری دارایی کردوویەتی کەم نییە، هاوسەنگییەکی راگرتووە لە نێوان هەردوو لا و لە بەغداش ئەگەر بەڕێزیان سەرۆکی ئەم شاندە نەبوایە و ئەو هەوڵەی بەڕێزیان نەبوایە، ئەم رێککەوتنە بە ئاسانی نەدەچووە پێشەوە و ئەم دانوستاندنانە بەو شێوەیە تێپەڕ نەدەبوو، ئەوەی پەیوەست بێت بە ئێمە دەیکەین، بەڵام بەڕاستی دەمەوێت بە روون و راشکاوی بە ئێوەش و بە بینەرانیش بڵێم کێشەکانی سلێمانی لە وەزارەتی دارایی چارەسەر نابن، کێشەکان  رەهەندێکی سیاسی هەیە و پەیوەندی بە رەهەندی سیاسی، پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، پەیوەندی بە کێشەی ئەمنی هەیە، پەیوەندی بە کێشەی ماڵی هەیە، بە دەستکاریکردنی پارە هەیە، بە کەمبوونەوەی داهات هەیە، پەیوەندی بە رێککەوتنی 43٪ بە 57٪ هەیە کە ئێمە لەم بڕگەیەدا زۆر زۆر دژی ئەم دابەشکردنی داهاتە بووین و ئێمە لەگەڵی نین و پێشمان باشە هەڵبوەشێتەوە کە پێشتر هەردوو لایەن لەسەری رێککەوتبوون.

رووداو: ئەمڕۆ وەزیری دارایی خۆی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی و بانکە بازرگانییەکان لە هەولێر قسەی کردووە؟

هونەر جەمال: بەڵێ لە رێگەی منەوە قسەی کردووە و هەر ئەمڕۆ بەڕیزیان پێش ئەوەی بێم بۆ بەرنامەکە رێنمایی پێدام کە لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان قسە بکەم و دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە بڕیاری بەڕیزیان دەستیپێکردووەتەوە، دوای ئەوە لێرەش تەمویلی مووچەیان کرد بۆ ئەو خانەنشینانەی کە پێویستە ئەمڕۆ مووچە وەربگرن.

رووداو: ئێستا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک کێشە نەماوە؟  

هونەر جەمال: تا رادەیەک کێشەکە چارەسەربووە بەڵام داهاتی سلێمانی بە یەک رۆژ کۆ نابێتەوە و رۆژانە کۆدەبێتەوە و بەشێکی بەدڵنیاییەوە دەکەوێتە دوای جەژن، بەڵام ئەوەندەی ئەمڕۆ پارە بەردەستە و نێردراوە، ئەوە تەمویل کراوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەکە کراوە و ئەوانەی کە ئەمڕۆ وەریناگرن لەدوای جەژن راستەوخۆ بەپێی خشتەکە درێژ دەبێتەوە و ئەوکاتە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە پەیوەندی بەوە هەبوو کە ئەم مانگە ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی هەم خشتەکەمان زوو راگەیاند و هەم ماوەی دابەشکردنی مووچەمان کەم کردەوە لەبەر ئەوەی لە جەژندا هەموو مووچەخۆران بتوانن مووچە وەربگرن، بەڵام بەداخەوە ئێمە 80٪ی تەمویلی مووچەی سنووری سلێمانیمان کردووە و 20٪ی پێوستە لە داهات وەربگیرێت کە دیارە داهاتەکە بەوشێوەیە کۆدەکرێتەوە و ناتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە کە پێویستە بۆ مووچەخۆران بە تایبەتی بۆ خانەنشینانی سەربازی.

رووداو: ئێوە ئەمڕۆ لێرە بە خانەنشینانی سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین دەڵین بچن مووچەکانتان لە سلێمانی  وەربگرن، خانەنشینانی یەکێتی لە هەولێر و دهۆک بچن مووچەکانیان وەربگرن؟

هونەر جەمال: دیارە ئەوەی هەولێر دەمەوێت راستی بکەمەوە، ئەمڕۆ بەشێک لە راگەیاندنەکان چەواشەکارییان کردووە  و هەر مووچەی خانەنشینانی سەربازی راگیرابوو لە بەیانی تا نیوەڕۆ و کەمێک پێش بەرنامەکە؛ یانی ئەوە نییە هی یەکێتی راگیرابێت و هی پارتی درابێت، لای ئێمە ئەم جیاوازییە نییە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتی و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکەین نەک ئەوەی ئەمە سەوزە، ئەمە زەردە، ئەمە شینە، ئەوەی سلێمانیش ئەوەندەی پارە پێویست بوو و بەردەستبووە، تەمویلەکە کراوە و دەستیپێکردووە.
پێش بەرنامەکە من نووسرواەکەی ئەوەی راپەڕین، چەمچەماڵم بەدەست گەیشت و ئەگەر لە سلێمانیش پارەی پێویست بەردەست بێت، دەستپێدەکاتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەم دوای جەژن بەڕاستی ئەم کێشەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر بکەین کە جارێکی دیکە ئەم ململانێیە نەیەتەوە نێو وەزارەتی دارایی و لەوە زیاتر مووچە و قوتی خەڵک نەبێتە بابەتی مزایدە و ململانێی سیاسی.

رووداو: لە سلێمای دەستکاری پارە کراوە؟

هونەر جەمال: بەڵی، نەختینەییەک هەبووە، لە 2021 تا 2022 بڕی 350 ملیار دینار لەسەرەتای 2021 پارەی وەفر هەبووە کە ئەمە پارەی هاووڵاتییە، کۆمپانیاکانە و پارەی بانکەکانە، بەڵام بەداخەوە ئەم پارەیە تا کۆتایی 2021 گەیشتووەتە 100 ملیار و 250 ملیار دیناری بەکارهێنراوە، لە کۆتایی 2022 نەک 100 ملیارەکە نەماوە یەک تریلیۆنیش کورتهێنان دروستبووە کە ئەمە وای کردووە سلێمانی بە تەواوەتی تووشی داڕووخان بێت و ئەم پارەیە لە رێگەی چەکەوە و یان هەر رێگەیەک بەکارهێنراوە.

ئێمە وەک وەزارەتی دارایی رێکارەکانمان گرتووەتەبەر و ئەوەی بەرپرسە لەم دۆسیە داومانەتە دادگە و چاوەڕوانی گرتنەبەری رێکارەکانی پێویستین لەوبارەیەوە.

رووداو: یانی وەکو وەزارەتی داریی دەزانن کێ دەستکاریی پارەی کردووە و بردوویەتی؟

هونەر جەمال: بەڵی دیارە و دەزانین چۆنە و بەڵگەی پێویستیش لەبەردەستە، ئەم پارانە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە بانک بەکارهێنراوە و هەر لە رێگەی چەکەوە یان حەواڵە یان هەر رێگەیەکی دیکەوە بێت؛ رێکارەکانی پێویست گرتراوەنەتەبەر و ئێستا لە دادگەیە و ئەو لایەنەش کە بەرپرسە رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە و چاوەڕوانی گرتنەبەری رێکاری پێویستین لەو بارەوە.

رووداو: کێ دراوەتە دادگە؟ بەڕێوەبەری پێشووی بانکی هەرێم لە سلێمانی؟

هونەر جەمال: بەڵێ ئەو یەکێک لە کەسەکانە.

رووداو: چەند کەسن؟

هونەر جەمال: دیارە پێویست بە لێکۆڵینەوە هەیە، بەڵام کەسی یەکەم واژۆ لەسەر دەستکاری پارە دەکات لە بانکی هەرێم و بە رادەی یەکەم، کەسی یەکەم بەرپرسە لەوە و پێویستە بەرپرسیارێتییەکە بگرێتە ئەستۆ.

رووداو: ئەو دەستکاری کردووە یان لایەنی سیاسی لەپشتە؟

هونەر جەمال: بێگومان لە سلێمانی دەزانین کە ئەو نوێنەری حیزبێکە و کەسی یەکەمی دارایی ئەم پارێزگایە بووە و ئەوەی کە کراوە دوایین فیلتەر ئەو بووە و بە بڕیاری ئەو هەر شتێک کرابێت، دوایین واژۆ ئەو کردوویەتی.

رووداو: دیارە حکومەتی عێراق 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، وەزارەتی دارایی دەتوانیت بەو 200 ملیارە مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی چوار دابین بکات؟

هونەر جەمال: بەداخەوە ئەوەش هەواڵێکی دیەکەیە کە دەبێ قسەی لەسەر بکەین، یانی ئێمە لەم مانگی سێ، لە 25ی مانگ تا 31ی مانگ 7 رۆژ داهاتی نەوتمان سفر بووە، لەبەر ئەوەی راگیراوە و مانگی چواریش تاوەکو ئەم کاتەی من و بەڕێزت قسەی تێدا دەکەین ئێمە هیچ داهاتێکمان نییە و پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێنەکردووەتەوە و ئەوەی کە پێویستە بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ دیارە خۆیان لە چاوپێکەتنەکاندا چ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی ئێمەیە و بەپێی مەنتق و بەپێی یاسا، دەبێ لە ئەستۆی ئەوان بێت چونکە ئەوەی پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان هەناردەکردنەوەی نەوت ئێستا لە گۆڕەپانی عێراقدایە و رێککەوتن کراوە و لە چواری مانگ واژۆکراوە، ئەوان پێویستە لایەنی بەرپرسیار بن لە دابینکردنی مووچە و پێداویستیی ئێمە.

ئێمە لە داهاتی نەوت مانگانە 740 ملیار دینارمان بۆ هاتووەتەوە تاوەکو پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئێستا بە 200 ملیار و 400 ملیاریش ناتوانین ئیدارەی دابەشکردنی مووچە بدەین، بەڵام ئەمەش بڕیاری کۆتایی نییە و پێموایە هێشتا زوویە قسە لەسەر  ئەمە بکەین بەڵام دوای جەژن پێدەچێت گفتوگۆکانمان دەستپێبکاتەوە و شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، لەسەر دابینکردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی چوار ئیمە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین و ئەو کات لە ئەنجامی گفتوگۆکان بگەینە ئاکامێک چ بە سلفە بێت چ بە قەرز تا کاتی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەغدا پارە بۆ ئێمە بنێرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە کاتی خۆیدا مووچەی مانگی چواریش دەستپێبکەین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.