جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەمان پێدەگات

20-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وادەی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی بۆ پەرلەمان ئاشکراکرد و رایگەیاند: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجە دەگاتە پەرلەمان." 
 
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 20-02-2023، کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کرد، رایگەیاندووە: "پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمانی عێراق." 
 
نووسینگەی رۆژنامەڤانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد: "جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە گرنگی دەزانێت بەمنزیکانە پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، دەستبکرێت بە تاوتوێکردنی مادە و بڕگەکانی و هەموارکردنی پێویست لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە، بەشێوەیەک دەستەبەری جێبەجێکردنی دروستی بەرنامەی حکومەتی لە خۆبگرێت، لەوانەش؛ پشتیوانی چینی هەژاران، گەرەنتی بدرێت مادە خۆراکییە سەرەکییەکان بە بەردەوامی دابین دەکرێت لەگەڵ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی نوێ." 
 
بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی، پێویستە ساڵانە تاوەکو 15ی مانگی 10 پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق، 4 مانگ لەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوە تائێستا حکومەت پڕۆژەیاساکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە. ساڵی رابردووش عێراق یاسای بودجەی نەبوو. 
 
د. نەرمین عوسمان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 20-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا هیچ وادەیەک دیارنییە، کەی پڕۆژەیاسای بودجە دەگاتە پەرلەمانی عێراق." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە