مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی عێراق پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

19-02-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن مووچە چاودێریی کۆمەڵایەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە عێراق دوو ملیۆن و 700 هەزار خێزان خۆیان ناونووسکردووە بۆ سوودمەندبوون لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، سوودمەندبوون لەو مووچەیە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا بۆ 15 پارێزگاکەی عێراقە.
 
د.نەجم عوقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە رادیۆی رووداوی گوت، لە چەند مانگی رابردوودا لەرێگەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییەوە "دەرگای خۆناونووسکردنمان کردەوە بۆ ئەو خێزانانەی کەمدەرامەتن. دوو ملیۆن و 700 هەزار خێزان خۆیان ناونووسکرد. دوای پێداچوونەوە  و پۆلێنکردنی ناوەکان، 900 هەزار خێزان ناویان لە لیستەکەدا دەرهێنرا، بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی هاوکارییەکەیان تێدا نەبوو".
 
لەدوای پێداچوونەوە بە ناوەکان، وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەستیکردووە بە چاوپێکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی ناویان تۆمارکردوە، لە 15 پارێزگای عێراقدا زیاتر لە 245 هەزار خێزان چاوپێکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ کراوە و نزیکەی ملیۆنێک و 700 خێزان ماون بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدابکرێت، ئەمەش لەکاتێکدا ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن و 800 هەزار خێزانی سوودمەند لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق تۆمارن.
 
بەشێک لە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان لەکاتی راگەیاندنی کردنەوەی دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ سوودمەندبوون لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، خۆیان تۆمارکرد و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەکانیانن، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رەتیدەکاتەوە مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتیی عێراق، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بگریتەوە.
 
د. نەجم عوقابی دەڵێ " مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. ئەمە تەنیا چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، پرۆژەکە هەر 15 پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە بە سنووری کەرکووک و خانەقینیشەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان کە هەولێر و سلێمانی و دهۆکە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی هەیە و ئەوان یاسای تایبەتی خۆیان هەیە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەداهاتوویەکی نزیکدا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەروازەیەکی دیکە بۆ "هەردوو چینی منداڵانی بێ سەرپەرەشت، بێوەژنان، گەورەکچان و هاوژینی بێسەروشوێنبووانی ناو کۆمەڵگەی عێراقی دەکاتەوە، تەنانەت ئەو منداڵانەی باوکیان لە ژیاندا نەماوە و دایکیان شووی کردووە، ئەوانیش دەگرێتەوە، ئەگەر لە بوودجەی 2023 گوژمەیەکی باشمان بۆدیاریکرا، بەدڵنیاییەوە بازنەی هاوکارییەکانمان زیاتر دەکرێن کە بەگوێرەی پلانەکانمان 500 بۆ 600 هەزار خێزان لەخۆدەگرێت."
 
لەبارەی بڕی ئەو مووچەیەی بڕیارە وەکو چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی ببڕێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەشڵێت "بەگوێرەی یاسا، بەخێوکەری کەسێک تا خێزانێکی چوار کەسی دەگرێتەوە و بڕەکە مانگانە بۆ هەر تاکێک لە 125 هەزارەوە دەستپێدەکات و بۆ ئەو ژنانەی کە خێزانێکی چوار کەسی بەخێودەکەن، بڕی 325 هەزار دیناری بۆ دانراوە، بۆ ئەو پیاوەی خێزانێکی چوار کەسی بەڕێوەدەبات 275 هەزار دیناری پێ دەدرێت، بەڵام ژنەکە 50 هەزار دینار لە پیاوەکە زیاتر وەردەگرێت، بەهۆی ئەوەی دۆخی ژنان جیاوازترە لە دۆخی پیاوان".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران.

هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە نۆ مانگدا، بایی زیاتر لە یەک ملیار و 181 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە. راشیگەیاند رۆژانە 600 بارهەڵگر لە دەروازەکە بەرەو عێراق دەچن.