رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی ساڵانەی پەرەپێدانی هێزی کار لە زانکۆی سۆران دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری راهێنان لە زانکۆکە دەڵێت، لە هەندێک بەشی زانکۆکەیان 100٪ـی خوێندکاران کاریان دەستدەکەوێت. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت، دەیانەوێت بۆشایی بازاڕی کار کەم بکەنەوە. چەند خوێندکارێکیش باسی داهێنان و پڕۆژەکانیان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-2-2024، یەکەمین کۆڕبەندی پەرەپێدانی هێزی کار لە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سۆران دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
"دەمانەوێت بۆشاییەکانی بازاڕی کار پڕ بکەینەوە"
د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ئەمە یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی پەرەپێدانی هێزی کارە و، دەمانەوێت لایەنی حکومی، زانکۆکان، کەرتی تایبەت، کۆمپانیاکان و رێکخراوەکان پێکەوە هاوکار بن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە بازاڕی کاردا هەیە."
د. رزگار دەڵێت، "دەمانەوێت بزانین بازاڕی کار پێویستی بە چ کارامەیی و لێهاتووییەک هەیە تاوەکو زانکۆکان و وەزارەتی پەروەردەش پێکەوە بتوانن توانا و کارامەیی خوێندکاران بگەیێننە ئەو ئاستە بەپێی خواستی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان."
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران گوتیشی، زانکۆی سۆران هەمیشە پێشەنگ بووە لە بابەتی توێژینەوە و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خوێندکارانی و لێرە جگە لەوەی خوێندکاران لە بەشەکانی خۆیان فێردەبن، لە سەنتەری پەرەپێدانی هێزی کاریشەوە لە رێگەی سەمینار، وۆرکشۆپ و راهێنانەوە کارامەیی دیکە وەردەگرن.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران لەبارەی توێژینەوەی خوێندکارانیش دەڵێت، "بەوەوە نەوەستاوین کە لێبگەڕێین توێژینەوەکانی خوێندکاران لەسەر رەفەکان تۆزیان لێ بنیشێت یان لە نێو لاپتۆپەکانیاندا بمێنێتەوە، بەڵکو بە کرداری کاریان لەسەر دەکرێت."
د. رزگار سەعید نموونەی خوێندکارێکی دکتۆرایان دەهێنێتەوە کە توێژینەوەکەی لەسەر پاڵاوتنی ئاوی قورسی ماڵان و بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودێری کردووە؛ باسی لەوەش کرد، لە زۆر بواردا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت پەیوەندییان هەیە تاوەکو سوود لە توێژینەوەکان وەربگرن و بەکرداری بەکاربهێندرێن.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران باس لەوەش دەکات، ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی بازاڕی کار بۆ خوێندکاران و لە کۆڕبەندەکەدا کۆمپانیاکانیش بەشدارن؛ دەشڵێت، توێژینەوەیان کردووە و داتایان لەبەردەستە، کە کۆمپانیاکان پێویستیان بە چ بوار و لێهاتووییەکە و کۆمپانیاکانیش وەڵامدانەوەی "ئەرێنییان" هەیە بۆ ئەم بابەتە.
د. رزگار سەعید گوتیشی، تیمێکیان پێکهێناوە تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیاکان و رێکخراوەکان پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژەکانی خوێندکاران و مامۆستایان دابین بکەن.
"ئاساییە کارێک بکەم لە بواری خۆم نەبێت"
نیان زکری، خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی سۆران، میوانێکی دیکەی رووداو بوو. نیان دەڵێت، سەردانی چەند دامودەزگایەکی حکومییان کردووە و بەڵێنیان پێداون کە لە ئیدارەی سۆران لە کۆمپانیاکان کاریان بۆ بدۆزرێتەوە.
نیان دەشڵێت، پێیان ئاساییە لە بوارێکدا کاربکەن، کە لە بواری خوێندنەکەی خۆیان نەبێت.
کەمال عەبدولڕەحمان، خوێندکاری بەشی کیمیا لە زانکۆی سۆران دەڵێت، بە درێژایی قۆناخی چوارەمی کاری لەسەر "چەند پڕۆژەیەکی زۆر باش" کردووە کە دەتوانرێت لە بواری پیشەسازی بەکاربهێندرێن.
کەمال عەبدولڕەحمان دەڵێت، یەکێك لە بەرهەمەکانی بایۆ پلاستیکە (پلاستیکی زیندەیی) کە زیانی بۆ ژینگە نەبێت.
ئەو خوێندکارە دەڵێت، پلاستیکەکە لە "بەرهەمێکی زۆر باو" دروست دەکات، کە نایەوێت ئێستا ئاشکرای بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆر هەیە و زۆرجار فڕێشدەدرێت.
کەمال دەڵێت، لە رێگەی ئەو بەرهەمە یان پاشماوەکەیەوە دەتوانێت پلاستیکێک دروستبکات کە نەک زیان، بەڵکو سوودیشی بۆ ژینگە هەبێت، چونکە پلاستیکی ئاسایی پێویستی بە 400 ساڵە تاوەکو شی دەبێتەوە، بەڵام ئەو پلاستیکەی ئەو دروستی کردووە، لە تەنیا 27 رۆژدا 50٪ و لە 60 رۆژیشدا بە تەواوی شی دەبێتەوە.
ئەو خوێندکارە لەبارەی پلاستیکەکەی دەشڵێت، لەکاتی شیبوونەوەشیدا، دەبێتە مادەی ئەندامی و سوودی بۆ خاکەکە دەبێت.
کەمال عەبدولڕەحمان باس لەوەش دەکات، بەرهەمەکەی لەسەر جۆ تاقیکردووەتەوە؛ دوو جۆر جۆیان هێناوە کە یەکێکیان بەرهەمەکەی تێدا چێندراوە و ئەوەی دیکە هیچیان تێدا نەچاندووە.
خوێندکارەکەی بەشی کیمیای زانکۆی سۆران دەڵێت، دوای چەند رۆژێک، ئەو جۆیەی بەرهەمەکەی ئەوی تێدا بووە، "پێنج سانتیمەتر" لە جۆیە ئاساییەکە زیاتر گەشەی کردووە.
کەمال گوتیشی، لە بەرهەمەکەیدا دەتوانێت نانۆش دروستبکات. تێچووی پڕۆژەکەشی زۆر کەمە و 50٪ کەمتری تێدەچێت وەک لە بەرهەمی هاوردەکراو.
ئەو خوێندکارە داوا لە سەرمایەداران دەکات، چیدیکە پارەکانیان لە دەرەوە بەهەدەر نەدەن و "گەنجانی وەکو ئێمە بیرۆکە و داهێنانیان هەیە و ئامادەین لەگەڵیان دابنیشین."
کەمال عەبدولڕەحمان باس لە بەرهەمێکی دیکەشی دەکات و دەڵێت، "سپرایەکی دروستکردووە کە رێگە لە دروستبوونی هەڵم لە جامی ئۆتۆمبێلەکان لەکاتی بارانبارین دەکات."
خوێندکارەکە دەڵێت، ئەو بەرهەمە ئێستا هاوردە دەکرێت و بە 13 هەزار دینارە، بەڵام ئەوەی ئەو دروستی دەکات، تێچووەکەی "تەنیا هەزار دینارە"، کواڵیتییەکەشی زۆر باشترە.
"100٪ـی دەرچووانی ئەو بەشانە کاریان دەستدەکەوێت"
ڤینۆس موشیر، بەڕێوەبەری راهێنان لە زانکۆی سۆران یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکان و دەڵێت، بە هەموو بەشەکانەوە، زانکۆی سۆران نزیکەی 7 هەزار خوێندکاری هەیە و ساڵانە بە تێكڕا نزیکەی دوو هەزار خوێندکار بەشەکان تەواو دەکەن.
ڤینۆس موشیر دەڵێت، دەیانەوێت پەرە بە لایەنی توێژینەوە بدەن و توێژینەوە ببێتە ناسنامەی زانکۆی سۆران.
بەڕێوەبەری راهێنان لە زانکۆی سۆران راشیگەیاند، لە فاکەڵتیی زانست، بەتایبەتی بەشی کیمیا، بایۆلۆجی و کۆمپیوتەر، 98٪ بۆ 100٪ـی خوێندکاران کاریان دەستکەوتووە.
ئەو بەڕێوەبەرە باس لەوەش دەکات، ساڵانە نزیکەی 50 بۆ 70 خوێندکار لەو بەشانە دەردەچن؛ گوتیشی، وەکو سەنتەرەکەیان، هەوڵیانداوە دوای دەرچوونیش "لە خوێندکارەکانیان غافڵ نەبن" و، هەمیشە بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەوەی بزانن لەکوێ دامەزراون و رێژەکەشیان بە ئامار وەرگرتووە.
ڤینۆس موشیر ئاماژە بەوەش دەکات، 100٪ـی دەرچووانی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆکەیان کاریان دەستکەوتووە.
ئەو بەڕێوەبەرەی سەنتەری راهێنانی زانکۆی سۆران باسی لەوەشکرد، لە هەوڵدان ئەو توێژینەوانەی بە کەڵک بازاڕی کار دێن و سوودی کردارییان دەبێت، لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە تایبەتەکان بڵاویان بکەنەوە؛ دەشڵێ هەندێ کۆمپانیا هەن کە پاڵپشتییان بۆ پڕۆژەکە دەربڕیوە.
"لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەوە رێنمایی دەروونی دەدەین"
محەممەد جەلال، خوێندکاری بەشی دەروونزانی لە زانکۆی سۆران یەکێکی دیکە لە میوانەکانی رووداو بوو و باسی لە دوو پڕۆژەکەی کرد.
محەممەد جەلال دەڵێت، یەکێک لە پڕۆژەکانی تایبەت بە زمانە؛ ئەوی دیکەش کلینیكێکی رێنمایی دەروونییە کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەوەیە.
محەممەد دەشڵێت، ئەپڵیکەیشنەکە لە قۆناخی داهاتووی خوێندنیدا تەواو دەبێت و لە رێگەی پرسیار و وەڵامەوە رێنمایی دەروونی دەداتە بەکارهێنەران.
ئەو خوێندکارە دەشڵێت، ئەگەر ئەپڵیکەیشنەکە لە رێگەی پرسیارەکانییەوە نەگەیشتە ئەنجام و وەڵامی وردی لە بەرکارهێنەر دەستنەکەوت، هەر لە ئەپلیکەیشنەکە پسپۆڕێکی تایبەتی بۆ دەستنیشان دەکرێت و لەوێوە دەتوانێت پەیوەندی پێوەبکات.
خوێندکارەکە گوتیشی، کارەکەی هیچ تێچوویەکی نابێت جگە لە دروستکردنی ئەپڵیکەیشنەکە.
زانکۆی سۆران لە ساڵی 2023 لێکۆڵینەوەیەکی کردووە لەسەر بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان و لەمیانی کۆڕبەندەکەدا ئەنجامی راپۆرتەکەیان بڵاودەکەنەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەژێر ناونیشانی "رووپێویی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023) کراوە و سێ سێکتەری سەرەکیی بازاڕی کار لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
سێکتەری تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان (ICT)
سێکتەری تەندروستی
سێکتەری بیناسازی
سێکتەری تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان (ICT)
لە سێکتەری ICT زانکۆی سۆران راپرسییەکەی لەگەڵ 74 کۆمپانیای ئەو بوارە کردووە و پرسیاری لێکردوون سەبارەت بە قەبارەی کۆمپانیاکە لە رووی ژمارەی هێزی کارەوە، رێژەی ئافرەتان لەنێوان کارمەنداندا، سێ گرنگترین تایبەتمەندی کە کۆمپانیاکە بە مەرجی دامەزراندنی کارمەندە نوێیەکانی دادەنێت و ئەو پرۆگرامانەی هەیانە بۆ گەشەپێدانی هێزی کاری کۆمپانیاکە و راهێنانیان.
ئەنجامی راپرسییەکە لەم سێکتەرەدا بەم شێوازەیە:
• 43.24٪ ـی کۆمپانیا بەشداربووەکان لە راپرسییەکەدا ژمارەی کارمەندانیان کەمتر بووە لە 5 کارمەند
• 14.86٪ ـی کۆمپانیا بەشداربووەکان زیاتر لە 50 کارمەندیان هەبووە
لەبارەی ژمارەی کارمەندانی ژنیش، راپرسییەکەی زانکۆی سۆران دەریدەخات لە سێکتەری ICT ناهاوسەنگی هەیە لە هێزی کاردا لەرووی رەگەزییەوە؛ 67.57٪ـی کۆمپانیا بەشداربووەکان رایانگەیاندووە کە تاوەکو 25٪ـی هێزی کاریان ژنن. تەنیا 9.46٪ـی کۆمپانیاکان گوتوویانە رێژەی کارمەندانی ژن لە کۆمپانیاکەیان 25٪ تاوەکو 50٪ـیە. 12.16٪ـی کۆمپانیاکانیش رایانگەیاندووە رێژەی کارمەندانی ژن لە کۆمپانیاکەیان 50٪ تاوەکو 75٪ دەبێت، بەڵام لە هیچیان رێژەکە زیاتر لە 75٪ نەبووە.
کەرتی تەندروستی
لە کەرتی تەندروستیدا زانکۆی سۆران لە چوارچێوەی رووپێوییەکە پرسیاری لە 122 کۆمپانیای ئەو بوارە کردووە لەو بوارانەی پەیوەستن بە ژمارەی کارمەندانیان.
رێژەی بەشداریی ژن لەنێوان کارمەندان، هەروەها ئەو شارەزایە گشتی و تەکنکییانەی کە پێویستن بۆ ئەوەی دەرچووی زانکۆی یان داواکاری کار هەیبێت بۆ ئەوەی دامەزرێت.
ئەنجامەکان بەم شێوازەن:
ژمارەی کارمەندان:
نزیکەی 30٪ـی کۆمپانیاکان ژمارەی کارمەندانیان کەمترە لە 5 کارمەند.
27.87٪ـی کۆمپانیاکان لەنێوان 5 بۆ 10 کارمەندیان هەیە.
14.75٪ـی کۆمپانیاکان ژمارەی کارمەندانیان لەنێوان 10 بۆ 20 کارمەندە.
13.93٪ـی کۆمپانیاکان لەنێوان 20 بۆ 50 کارمەندیان هەیە.
بەهەمان رێژە، 13.93٪ـی کۆمپانیاکان سەرووی 50 کارمەندیان هەیە.
رێژەی ژن لە هێزی کاردا
لە کەرتی تەندروستی رێژەی بەشداریی ژنان لە نێوان هێزی کاری کۆمپانیاکان زۆر باشترە.
لە نزیکەی 37٪ـی کۆمپانیاکانی بواری تەندروستی، رێژەی ژنان لە هێزی کار 50٪ بۆ 70٪ـیە
ئەمە بەو واتایە دێت لە کەرتی تەندروستی تاڕادەیەکی زۆر ژن و پیاو پێکەوە بەشدارییەکی هاوسەنگیان لە هێزی کاری ئەو کەرتەدا هەیە.
لە روانگەی کۆمپانیاکانی تەندروستی و کارمەندانی تەندروستی، گەنجان بە ریزەوە زیاتر لەم کەرتانەدا کاردەکەن. ئەوەش جیاوازییەکی زۆری لە روانگەی کۆمپانیاکانی بواری ICT هەیە، کە پێشتر باسکرا:
راپرسییەکە لە بەشداربووانی پرسیوە: لە چ کەرتێکدا ئێوە پێتان وایە بە ئەگەری زۆرەوە لە ناوچەی ئێوە یان شاری ئێوە گەنجان سەرقاڵی کارکردنن؟ ئەمجامەکەش بەم شێوەیە بووە:
تەندروستی؛ 26.32٪
فرۆشیاری؛ 10.79٪
کەرتی ئەمنی؛ 8.68٪
نەوت و گاز؛ 7.89
گرینگترین شارەزایی گشتی کە کارمەندە نوێیەکان دەبێت هەیانبێت بەپێی راپرسییەکەی زانکۆی سۆران لە کەرتی تەندروستی بەم شێوازیە:
بایەخدان بە وردەکارییەکان؛ 13.68٪
کاری تیمی؛ 10.76٪
شارەزای پەیوەندییەکان؛ 10.31٪
توانای چارەسەری کێشەکان؛ 10.31٪
شارەزایی لە زمان؛ 9.19٪
کەرتی بیناسازی
لە کەرتی بیناسازیشدا هاوشیوەی کەرتی ICT رێژەی بەشداریی ژنان بەراورد بە پیاوان کەمە.
لە 57.14٪ـی کۆمپانیاکان رێژەی بەشداریی ژنان لەنێوان هێزی کاریاندا تاوەکو 25٪ـە.
لە 22.08٪ـی کۆمپانیاکان رێژەی بەشداریی ژنان لە هێزی کاری کۆمپانیاکەیاندا 25٪ تاوەکو 50٪ بووە.
تەنیا 10.39٪ـی کۆمپانیاکان رایانگەیاندووە رێژەی بەشداریی ژنان لەنێوان هێزی کاریاندا 50٪ تاوەکو 75٪ بووە.
ئەو شارەزایە گشتییانەی بە گرنگییەوە لەلایەن کۆمپانیاکانی بیناسازی چاویان لێدەکرێت بریتین لە:
گرنگیدان بە وردەکاری؛ 17.11٪
پابەندبوون بە کات؛ 17.11٪
لێهاتوویی لە چارەسەرکردنی کێشەکان؛ 15.79٪
کاری تیمی و رەشتی کارکردن هەر یەکە؛ 13.16٪
بە گشتی ئەنجام و راسپاردەکانی راپرسییەکە لە کەرتی بیناسازی بەم شێوازەن:
زانستی کۆمپیوتەر و شارەزایی لە بەرنامەکانی ئۆفیس پێویستن.
کارخوازان و دەرچووانی نوێی زانکۆ کێشەی نەبوونی ئەزموونی پێشوەختەیان هەیە.
راپرسییەکە پێشنیاز دەکات دەبێت لەنێوان زانکۆکاندا و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هاوئاهەنگییەک دروستبێت بۆ ئەوەی خوێندکاران لە کاتی خوێندنیاندا ئاشنا بن بەو بەرنامە کۆمپیتەرییانەی، پێویستن لە کاری کردەییدا و فێریان بکرێت.
پێشنیازی دیکەی راپرسییەکە ئەوەیە؛ بە هاوکاریی نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت، خوێندکاران فێری ئەو تەکنەلۆجیا نوێیانە بکرێن، کە لە کەرتی بیناسازیدا و لە کاتی کاردا پێویستیان پێ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ