رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 152 هەزار دینارە و بەهای تمەنیش دوای هێرشکردنە سەر هەولێر لەلایەن ئێرانەوە "زۆر شکاوە" و ئێستا 100 دۆلار بە پێنج ملیۆن و 400 هەزار تمەنە.
رۆژی پێنجشەممە، 18-01-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ کە بازاڕی دراو داخرا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 700 دینار بوو، بەڵام ئێستا کاژێر 12:20 خولەک بەهای 100 دۆلار 152 هەزار دینارە.
بە گوتەی حاجی سابیر باواجی، بەهای تمەنیش زۆر دابەزیوە دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر هەولێر. دەشڵێت، "پێش ئەوەی هێرش بکرێتە سەر هەولێر 100 دۆلار بە پێنج ملیۆن و 20 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە پێنج ملیۆن و 400 هەزار تمەنە، ئەوەش بۆ بازاڕ زۆرە و بەهای تمەن زۆر شکاوە، چونکە بارودۆخی سیاسی و ئەو هێرشانە هەموو کاریگەری خۆیان بەجێدەهێڵن."
رۆژی دووشەممەی رابردوو و پێش هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، 100 دۆلار بەرامبەر پێنج ملیۆن و 100 هەزار تمەن بوو، کە زیاتر لە مانگێک بووە لەو نرخەدا جێگیر بوو.
زیاتر لە دوو ساڵە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، وێڕای رێکارە جیاکانی بانکی ناوەندیی عێراق و فرۆشتنی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار لەلایەن بانکەکەوە بە گوێرەی مەرجەکانی، تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار ناجێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ