وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوولی راگەیاند

دوێنێ کاژێر 11:27
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی راگەیاند.
 
بەپێی خشتەکە؛ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول رۆژی هەینی (18-10-2024) بە خانەنشینیی مەدەنی دەستپێدەکات و رۆژی پێنجشەممە (24-10-2024) بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی پێدێت.
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، کە رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە، وەک لە خشتەکەدا هاتووە مووچە دابەش ناکرێت.
 
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا شایستەی دارایی راگیراوی پێنج مانگی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانگەی ناردووە کە بڕەکەی 109 ملیار و 663 ملیۆن و 329 هەزار دینارە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگێکی مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشینانی، پێویستی بە نزیکەی 997 ملیار دینارە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول 800 ملیاری لەبەردەستە. 
 
شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە راگیراوانەی چەند مانگی رابردوو. ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەی شەوی رابردووی وەزارەتی داراییدا هاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە