رووداو دیجیتاڵ
بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا نزیکەی 19 مانگە دڵۆپێک نەوتی پێدا هەناردە نەکراوە. بەرپرسێکی ئەپیکوریش نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت دەردەبڕێت.
رۆژی 12-10-2024 مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایگەیاند، "شێوازێک لە مامەڵەی دووبارەمان لە حکومەتی عێراقەوە بینیوە، ئەویش ئەوەیە کە راگەیێندراو بڵاودەکەنەوە و سەرکردەکانیان دەڵێن، ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بە رێگەی بۆری، بەڵام هیچ پێشنیازێکی راستەقینەمان لێنەبینیوون. کۆمپانیا نەوتییەکان کار لەسەر پێشنیازی نووسراو دەکەن، بۆئەوەی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانن پێیاندا بچینەوە."
زیانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا نزیکەی 21 ملیار دۆلار بووە.
تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت گەورەترین بەربەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە لە عێراق هەشت دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 26 دۆلارە.
بۆ ئەمەش داوای هەموارکردنەوەی گرێبەستی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان دەکرێت.
گوتەبێژی ئەو کۆمپانیایانەش دەڵێت، ئەگەر گەرەنتیی پێدانی پارەی پێشوو و داهاتوویان پێبدرێت، لارییان نییە.
لە کۆنفرانسی "وزەی پاک و سەلامەتیی ناوچەیی" لە شاری ئیستەنبووڵ، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ئاماژەی بە زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.
رۆژی 09-10-2024 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت گوتی، "تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵیی عێراق نەگەیشتووەتە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیا، بۆئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە. بەو هۆیەوە و لە ئاداری 2023وە، رۆژانە هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و نێودەوڵەتی وەستاوە."
لەو کاتەوە بەرهەمی کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور تەنیا بۆ پێداویستی ناوخۆیی بووە، کە بەرمیلی بە 30 بۆ 40 دۆلاری ئەمریکی دراوەتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ