وەزارەتی دارایی: زیاتر لە 77 ملیار دینارمان خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق

16-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 77 ملیار دینار پارەی داهاتی نانەوتییان خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم{ـی کوردستان} خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 77 ملیار و 841 ملیۆن و 761 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شەشی ساڵی 2024 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق.
 
22-09-2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 91 ملیار و 151 ملیۆن و 784 هەزار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی مانگی پێنج خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
 
پێدانی بەشێکی پارەی داهاتی نانەوتی بە وەزارەتی دارایی عێراق یەکێکە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند مانگێکە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە 1ی مانگی هەشتیشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 74 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
 
هەروەها رۆژی 30ی حوزەیرانی 2024 زیاتر لە 70 ملیار دیناری بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری 2024 خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە