کۆنفرانسی ئەنجوومەنی ئەتلانتیک؛ 'ئەستەمە بەبێ پەیوەندیی باشی هەولێر و بەغدا وزەی عێراق سەربەخۆ بێت'

17-10-2024
دیار کوردە @diyarkurda
سێیەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک
سێیەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێییەمین کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی ئەتلانتیک لە واشنتن سەبارەت بە دۆخی ئێستا و داهاتووی عێراق و ناوچەکە سازکرا؛ سەرنجی سەرەکیی ئەمساڵی کۆنفرانسەکە لەسەر کەرتی وزەی عێراقە.
 
عێراق تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سەربەخۆیی وزە بەدەستبهێنێت، هاوکات بودجەی وڵاتەکەی بەتەواوەتی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، ئەمەش وایکردووە ئابووریی عێراق بریتی بێت لە وزە و، وزەی عێراقیش بریتی بێت لە ئابووریی عێراق.
 
د. کازم عەباس، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراقی لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک بە رووداوی گوت ''ئەمساڵ سەرنجمان لەسەر کەرتی وزە و ئابووریی عێراقە، وەک لە قسەکانیشماندا لەسەرەتای کۆنفرانسەکە باسم کرد، لە عێراق، ئابووری واتە وزە، وزەش واتە ئابووری، تاوەکو ئێستا کۆنفرانسەکە بەباشی بەڕێوەچووە و ئەوەمان بەدەستهێناوە کە چاوەڕوانمان دەکرد."
 
هەر لەبارەی کۆنفرانسەکە، د. کازم جەختی کردەوە لەوەی "خەڵکێکی'' نێودەوڵەتییان هێناوە قسەبکەن، "بیرۆکەی ئەم کارەش ئەوەیە؛ دەمانەوێت ئەنجامەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و حکومەتی عێراق هاوبەشی پێبکەین، لەگەڵ بەرپرسان و ئەو خەڵکانەش دەیانەوێت لەسەر عێراق شت بزانن، پێییان دەڵێین؛ جیهان چۆن سەیری دۆخی عێراق دەکات.''
 
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ئەم کۆنفرانسە، پرسی سەربەخۆیی وزەی عێراق و دوورکەوتنەوەی لە ئێران بوو، کە ئەمریکا پشتیوانی لەو هەنگاوانەی عێراق دەکات و دەیەوێت بەپێیی ئەو پلانەی عێراق دایناوە، تاوەکو ساڵی 2030 ئەو سەربەخۆییە لە ئێران وەربگرن.
 
بەگوتەی یەکێک لە پانێڵستەکانیش، بەتەنیا ئێران نییە کە سەربەخۆیی وزەی عێراقی ناوێت، بەڵکو چینیش هەمان بیرکردنەوەی هەیە، ئەوەی پەیوەستیشە بە ئەمریکا، ئەوا لەگەڵ سەربەخۆیی وزەی عێراقە و پشتیوانیی تەواویشی لێدەکات، بەڵام دواجار بڕیار بڕیاری بەغدایە کە دەیەوێت بە کام ئاراستە هەنگاو بنێت.
 
هێنری هاگگارد، لێکۆڵینڤانی وزە لە پەیمانگەی بەیکەر بە رووداوی گوت ''گرنگترین خاڵ ئەوەیە، هەبوونی وزەی سەربەخۆ پلانی ئەمریکا نییە، بەڵکو پلانێکی عێراقییە و ئەوان بەڵێنیان داوە تاوەکو 2030 لە رووی وزەوە سەربەخۆ بن، ئەمە گرنگە بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسایشی وزەی عێراق، ئەمە شتێکە هەموو وڵاتێک هەوڵدەدات لەرووی وزەوە سەربەخۆبێت."
 
هەروەها دەڵێ "بۆیە دەبێت ئەوە بخەینەلاوە کە ئەمە پلانێکی نە ئێرانییە نە ئەمریکی، بەڵام لایەنی ئێرانی رێگری لەم پرسە دەکەن، هاوکات چینیش نایەوێت ئەو سەربەخۆییەی وزە بەدەستبهێندرێت، لە پانێڵەکانیش بیستمان کە ئەوان گرێبەستەکان دەبەنەوە، بەڵام پشتیوانی لە پێشکەوتنی عێراق ناکەن بۆ هەبوونی شارەزایی نێوخۆیی تاوەکو ئەو سەربەخۆییە بەدەستبهێنن.''
 
یەکێکی دیکە لە پرسە گرنگەکانی ئەم کۆنفرانسە پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بوو، بەتایبەتیش لە رووی وزەوە، بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی "هەبوونی پەیوەندیی بەهێز و باش، خزمەت بە هەولێر و بەغدا دەکات" هاوکات ئەستەمیشە باسی سەربەخۆیی وزەی عێراق بکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ هەولێر پەیوەندییەکی باشی نەبێت و سوود لە وزەی کوردستانیش وەرنەگرێت.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە