عێراق لە رێگەی حەوت پڕۆژەوە پاڵاوتنی 500 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات

17-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق لە رێگەی حەوت پڕۆژەوە دەیەوێت توانای پاڵاوتنی رۆژانەی 500 هەزار بەرمیلی دیکەی نەوت زیاد بکات، بۆ ئەوەش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کردووە.
 
 عێراق لەرێگەی کۆمپانیای هانیوێڵی ئەمریکی، دەیەوێت لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا حەوت پاڵاوگەی نەوتیی گەشە پێبدات، بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانیان بگاتە 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە. چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەیەک پاڵاوگە دەستبەکاربن.
 
حامد زەوبەعی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، رایگەیاندووە "یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای هانیوێڵی ئەمریکی کراوە، بۆ ئەوەی پاڵاوگەکان پەرەپێبدات و توانای پاڵاوتن 40٪ بەرزبکاتەوە."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەریەک لەو پاڵاوگانەی پەرەیان پێدەدرێت، توانای پاڵاوتنیان بە بڕی 70 هەزار بەرمیل زیاددەکرێت. ئەوانیش پاڵاوگەکانی میسان، زیقار، موسەنا، نەجەفن، جگە لە یەکەی سێیەمی پاڵاوگەی دۆرە و حەدیسە و گەیارە.
 
هەروەها روونیکردووەتەوە کە لەماوەکانی کەمی رابردوودا ژمارەیەک یەکەیان بۆ چەند پاڵاوگەیەک زیادی کردووە، بەهۆیەوە پاڵاوتنی زیاتر لە 220 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
 
نیسانی ئەمساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند حکومەتەکەی پلانی هەیە بۆ گۆڕینی 40٪ـی هەناردەکانی نەوتی خاوی عێراق بۆ بەرهەمی نەوتی.
 
عێراق یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو لە جیهان، رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی سووتەمەنی خەرجدەکات، تەنیا 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوردەکردنی بەنزین و گازوایلە.
 
عێراق بۆ ئەوە پلانی هەیە ساڵی 2025 هاوردەی سووتەمەنیی بگاتە سفر و دەست بە هەناردەکردنی سووتەمەنی "جگە لە نەوت" بکات.
 
کەرتی پاڵاوتن لە عێراق، لە سێ کۆمپانیای سەرەکی پێکدێت کە زۆرینەی پاڵاوگەکانی لەژێردەستدایە، لەنێویاندا کۆمپانیاکانی پاڵاتنی باکوور، باشوور و ناوەڕاست.
 
توانای سەرجەم پاڵاوگەکانی باکوور 210 هەزار بەرمیل دەبێت، عێراق پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2026، توانای پاڵاوتنی پاڵاوگەکانی ناوەڕاست بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرزبکاتەوە، هەروەها توانای پاڵاوگەکانی باشووریش 280 هەزار بەرمیل زیادبکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.