قەتەر بە بڕی 70 ملیۆن دۆلار هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزە دەکات

17-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، بە بڕی 70 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێشكێشی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات کردووە. دەشڵێت، هاوکارییەکان مرۆیی، پزیشکی و هاوکاریی خۆراکن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی شوباتی 2023، ماجد ئەنساڕی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەو هاوکارییانەی وڵاتەکەی پێشکێشی باکووری کودستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریای کردووە گەیشتووەتە 253 ملیۆن ریاڵی قەتەری کە دەکاتە 70 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. 
 
ئەنساڕی گوتیشی، هاوکارییەکان خۆیان لە خۆراک، هاوکاریی پزیشکی و مرۆیی دیکە دەبیننەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە نزیکەوە چاودێریی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵمەتی رزگارکردن" دەکەن. 
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرایکرد، لە رێگەی کەمپینێکی هاوکارییەوە، تەنیا لە شەوێکدا 168 ملیۆن ریالیان کۆکردووەتەوە، لەنێویدا 50 ملیۆن ریال لەلایەن شێخ تەمیم حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەرەوە بەخشراون. 
 
ئەنساڕی ئاماژەی بەوەشکرد کە تائێستا 600 تۆن لە هاوکاریی خۆراک، پزیشکی و مرۆیی لە رێگەی 30 گەشتی فڕۆکەوانییەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان نێردراون. 
 
جگە لەوەش، بەشێکی هاوکارییەکان، وەکو ئەنساڕی دەڵێت، لە یەکەی نیشتەجێبوونی ئامادەکراو پێکهاتوون کە ژمارەیان 650 یەکەیە. دەشڵێت لە پلانیاندایە 10 هەزار یەکەی لەوجۆرە بنێرنە باکووری کوردستان و تورکیا. 
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2026، دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.8 و 7.6 پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستانیان هەژاند. شەپۆڵی لەرەلەری بوومەلەرزەکە رۆژئاوای کوردستان و سووریاشی بە تووندی گرتەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە، لانیکەم 38 هەزار و 44 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە. لە سووریاش، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین، 800 کەس لە هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا 6 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.