رووداو دیجیتاڵ
شاندەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بێ ئەنجامی دەستبەجێ لە بەغداوە گەڕایەوە و وەزیری دارایی عێراقیان نەبینی.
سێ رۆژ بوو شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیان لەبارەی کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە لیستی مووچە رادەستی وەزیری دارایی بکەن و پێی بڵێن کێشەکان چارەسەرکراون، تاوەکو ئەوانیش بڕیار لەبارەی ناردنی پارەوە بدەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزیری دارایی عێراق شاندەکەی نەبینیوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، شاندەکە راپۆرتی خۆی رادەستی بەشی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، ئەوانیش گوتوویانە، "ئەو بابەتەی ئێوە بۆی هاتوون لای وەزیری داراییە و لای ئێمە چارەسەر ناکرێت".
ئەمڕۆ لە بەغدا پشووە. چەند رۆژێکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆران کراوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، حکومەتی عێراق دەیەوێت مووچەی فەرمانگەکانی خۆی تەواو بکات و دوای ئەوە بڕیار لەبارەی پارەکەی هەرێمی کوردستان بدات.
هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و چەکیان رەوانەی بانکەکان کردووە بۆ ئەوەی هەر کە پارە گەیشت، پارەی مووچەیان بۆ بنێرن و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر پارە بنێردرێت، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و ئەگەر نزیکترین کاتیش دابنێن، یەکشەممە دەبێت کە 29ی مانگە و هەر زوو دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
وەزارەتی دارایی پێی وایە، دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 ئەگەر پارەکەشی بنێردرێت، دەکەوێتە نێوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو.
پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پلانی دانابوو کە ئەگەر زوو پارەی مانگی 11 بگات، ئەم هەفتەیە مووچەی دابەش دەکرد و خۆی ئامادە دەکرد بۆ هاتنی پارەی دیکە بۆ مووچەی مانگی 12، بەڵام رووداوەکان بەگوێرەی پلانی وەزارەتی دارایی نەڕۆیشتن.
ئێستا هەرێمی کوردستان 630 ملیار دیناری لەبەردەستە و 370 ملیار دیناری کەمە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 11، چاوەڕێیە حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیە بنێرێت ئەو کورتهێنانەی پێ پڕبکرێتەوە، بەڵام ئەوەش لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە دوێنێ بوو بڕیاری لەبارەوە نەدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ