رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور حەوت سەرۆک بەشی گۆڕیوە کە هیچیان کورد نین، لەکاتێکدا پێشتر رێککەوتنێکی وا هەبووە کە دوو لەو پۆستانە بۆ پێکهاتەی کورد بن.
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ھۆشداری دەدەین لەوەی ھەموو رێکارێکی پەرلەمانی و مەدەنی دەگرینەبەر تا دەگاتە خۆپیشاندانی فراوان لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور دژی ئەو گۆڕانکارییانە"، دەشڵێت، "بە ھیچ جۆرێک رێگە نادەین مافی پێکھاتەی کورد و ھیچ پێکھاتەیەکی دیکە پێشێل بکرێت".
پەرلەمانتارە کوردەکە دەشڵێت، "یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە خۆی بەھۆی سەرپێچییەوە داواکراوە لە پۆستەکەی ببەخشرێت، حەوت سەرۆک بەشی کۆمپانیاکەی گۆڕیوە بێ رەچاوکردنی ھاوسەنگیی نێوان پێکھاتەکان و ھیچکام لەو سەرۆکبەشانەش، کورد نین".
بەگوتەی دیلان غەفوور، پێشتر کۆمپانیاکە حەوت سەرۆک بەشی بەوەکالەتی هەبوون، کە دووانیان کورد بوون، بەڵام ئێستا حەوت کەس کە هیچیان کورد نین لە شوێنیان دانراون و کراونەتە فەرمی.
فەرمانێکی کارگێڕی کە رۆژی 12ـی تەممووز بە واژۆی بورکان حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەتی کۆمپانیاکەوە دەرکراوە، ئەو گۆڕنکارییانە پشتڕاستدەکاتەوە.
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانە، دیلان غەفوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێویستە لە هەموو فەرمانگەیەکی حکومیی کەرکووک رەچاوی هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکان بکرێت، چونکە سرووشتی شارەکە لە چەندین پێکهاتە پێکدێت، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هێڵێن و بەڵێنمان وەرگرتووە گۆڕانکاری بەسەر بڕیارەکە بهێنرێت و جێبەجێنەکرێت تاوەکو چاکسازی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا دەکرێت".
دیلان غەفوور داوادەکات لە پۆستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکەدا، هاوسەنگی لەنێوان هێزی کاری کورد، عەرەب و تورکمانیش بپارێزرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات گوشیاریان کردووەتە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق و پێیانی "راگەیاندوون کە کەرکووک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستە تێیدا لە دامودەزگاکانی دەوڵەت رەچاوی سەرجەم پێکهاتەکان بکرێت، بەڵام ئەوەی کراوە کارێکە پێچەوانەی دەستوورە و ئەو هاوپەیمانێتییەی کە لایەنە سیاسیەکان لە بەغدا کردوویانە".
13 هەزار فەرمانبەر و کرێکار لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کاردەکەن. لەو ژمارەیە، رێژەی کورد تەنیا 7٪ـە و لە ریزبەندی چوارەمدایە لەدوای پێکهاتەی نەتەوەیی عەرەب، تورکمان و پێکهاتەی ئایینیی کریستیان.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت، "پێشتر رێککەوتنێکی وا هەبوو، دوو پۆست بۆ کورد بن، بەڵام ماوەیەکە لە کەرکووک کورد بە ئامانجکراوە و دانانرێت؛ لە گۆڕانکارییەکانیشدا لەو حەوت پۆستە، تەنیا کوردی تێدا نییە و دوو تورکمان و عەرەب دانراون، بۆیە پێویستە دژ بەوە هەموو رێکارێکی مەدەنی و پەرلەمانی بگرینەبەر".
بەپێی سیستمی کۆمپانیای نەوتی باکوور، دامەزراندن بۆ هەمیشە لەنێو بنەماڵەیەکدا دەمێنێتەوە؛ واتە ئەگەر هاتوو فەرمانبەرێکی کۆمپانیاکە خانەنشین بوو یاخود کۆچی دواییکرد، کوڕ یاخود کچی لەجیاتی دادەنرێت، ئەگەر منداڵی نەبوو، برا و برازاکانی لە شوێنەکەی دادەمەزرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ