کڕینی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

16-06-2024
رێناس ساڵح
زیڕەنگرییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
زیڕەنگرییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کڕین و فرۆشتنی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، زێڕەنگرێک لە هەولێر دەڵێت: "کڕینی زێڕ نزیکەی 70٪ کەمیکردووە". شرۆڤەکارێکی بازاڕە داراییەکانیش پێشبینی دەکات لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، نرخی زێڕ دەگاتەوە 2400 دۆلار.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی مسقاڵێک زێڕ 35 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئەوەش پەیوەستە بە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی بۆرسەی جیهان.
 
ئەمڕۆ کاژێر 16:00 بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشکاری رووداو لەسەر ئەم مژارەی گفتوگۆی لەگەڵ هەریەکە لە جۆنی ئەقراوی، زێڕەنگر لە هەولێر؛ یونس ئەحمەد زێڕەنگر لە دهۆک و رەسەن رەڤەندی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان کرد. 
 
جۆنی ئەقراوی ئاماژەی بەوەکرد کڕین و فرۆشتن لە بازاڕی وردە فرۆشی زێڕ زۆر کەمیکردووە، "کڕین نزیکەی 70٪ کەمبووەتەوە" ناجێگیریی نرخەکەی هۆکاری ئەو بێبازاڕییە، هەربۆیە بە زۆری ئەوانەیکە  زێڕ دەکڕن ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە.
 
بەپێی داتای ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، بانکی ناوەندیی چین لە ساڵی رابردوودا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهاندا و 7.23 ملیۆن ئۆنسە زێڕی کڕیوە. بەپێی ئامارەکان، لە کۆتایی مانگی ئایاردا، بانکی ناوەندیی چین زیاد لە دوو هەزار و 250 تۆن زێڕی هەبووە.
 
یونس ئەحمەد، زێڕەنگر لە دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، دابەزینی نرخی زێڕ لە دوو هەفتەی رابردوو دوای ئەوە هات کە چین رایگەیاند، دوای 18 مانگ کڕینی لەسەریەک، کڕینی زێڕ رادەگرێت، ئەمە هۆکاری سەرکی دابەزینی نرخەکەی بوو، چونکە ئێستا شەڕی ئابووری بەهێزترە تاوەکو بە تۆپ و تەیارە شەڕ بکەن.
 
گوتیشی: گرنگە بانکە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە کڕینی زێڕ بکەن و یەدەگی زێڕییان زیاد بکەن. چونکە پەناگەیەکی ئارامە و بینیمان چۆن بانکەکان لە جیهان چۆن یەدەگی زێڕیان زیاد دەکەن.
 
نرخی زێڕ ئەم ساڵ ریکۆردی بەرزترین ئاستی مێژووی شکاند، رەسەن رەڤەندی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان چین بە هۆکاری ئەو ریکۆردە بەرزەی نرخی زێڕ دەزانێت و گوتی: "چین لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە قەبارەی زۆر گەورە زێڕی دەکڕی تاوەکو زێڕ گەشتە ئاستێکی پێوانیەیی."
 
گوتیشی: "قسەکانی جێرم پاوڵ وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت جارێ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی دانابەزێنێت، بەڵکو بە جێگیری دەیهێڵتەوە یان بەرزی دەکاتەوە، ئەمەش وایکرد بازرگانان پاشەکشێ لە کڕینی زێڕ بکەن، بەڵام هەر کێشەیەکی جۆیۆسیاسی رووبدات نرخی زێڕ دووبارە دەگاتەوە سەرووی 2400 دۆلار."
 
هەفتەی رابردوو بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاند، هەرچەندە ئامارەکانی هەڵاوسان ئەوە دەردەخەن کە رێژەی هەڵاوسان نزیکبووەتەوە لەو رێژەیەی کە ئەوان مەبەستیانە، بەڵام پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ تەنیا یەک جار سوودی بانکی دابەزێنن.
 
دابەزینی سوودی بانکی، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار کەمدەکاتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە