پێشبینییەکی ئۆپێک نرخی نەوتی دابەزاند

15-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ خواست لەسەر نەوت بۆ ئەمساڵ کەمکردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بە دابەزین کرایەوە و درێژەیدا بە دابەزینەکانی رۆژی دووشەممەی رابردوو.
 
رۆژی سێشەممە 15-11-2022 یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 39 سەنت دابەزی و بە 92 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 56 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلارو 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رێکخراوی ئۆپێک بۆ پێنجەمین جارە لە مانگی 4 ی ئەمساڵەوە پێشبنییەکانی خۆی بۆ خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
 
رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا رایگەیاند، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بۆ ئەمساڵ 2 ملیۆن و 550 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات کە بە بڕی 100 هەزار بەرمیل کەمترە لە پێشبینییەکانی رابردووی خۆی.
 
ئۆپێک هۆکاری کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا بۆ تەمومژاویی بوونی رەوشی ئابووریی جیهان و ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.
 
بانکی ئۆسترالیی نیوزلەندی (ANZ ) سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاند، " بازاڕی نەوت گوێی بەو مەترسییانە نەداوە کە پەیوەست بە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بەتایبەتی لەو رووەوە کە وڵاتانی ئەوروپی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا قەدەخەدەکەن."
 
ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1770 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی 3 مانگی رابردووی خۆی مامەڵەی پێوەکرا و ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1770 دۆلار بە جێگری مایەوە.
 
بازرگانانی زێڕ هیوادارن کە لە مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەیەکی کەمتر سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
 
زۆربەی شرۆڤەکاران پێیانوایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە جیاتی ئەوەی بە رێژەی 0.75٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە تەنیا 0.5٪ سوودی بانکی زیاد دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە لایل برەینارد، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە بەم زووانە کاتی ئەوە دێت کە بانکی ناوەندی سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی خۆی بووەستێنێت.
 
هاوکات گەورەترین سندووقی وەبەرهێنان لە زێڕ لە جیهاندا کە بە SPDR ناسراوە رایگەیاندووە کە قەبارەی یەدەکی زێڕی سندووقەکە بەرزبووەتەوە بۆ 910 تۆن و 410 کیلۆ و بەو پێیەش کڕینی زێڕ لەلایەن گەورەترین سندووقی وەبەرهێنان بە کانزای زەرد زیادیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.