حکومەت پڕۆژەکانی پترۆدۆلار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و وەبەرهێنانی وەزارەتەکان دەگوێزێتەوە

15-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گواستنەوەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی پترۆدۆلاری لە پارێزگاکان بۆ سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان دەرکرد، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش بڕیارەکە بە دەرچەیەک بۆ تەواوکردنی پڕۆژە راگیراوەکانی نزیکەی 9 ساڵی دەزانێت.
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی بەدواداچوونی پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی 11ـی ئەم مانگە دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کراوە، رەزامەندی دەربڕیوە، لە گواستنەوەی پڕۆژەکانی بودجەی (پترۆدۆلار) ئەوانەی تەواونەکراون بۆ سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، یان بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان بەپێی سێکتەری پڕۆژەکان.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، وەزیرانی دارایی و ئابووری، پلاندانان و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون رێککارەکانی ئەو بابەتە جێبەجێ بکەن و بە پێی"توانای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە رەچاوکردنی یاسا و پەیڕەو و رێنماییەکان."
 
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت کارێکی باشە، چونکە ژمارەیەک پڕۆژەی زۆر هەن لەساڵی 2019ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون، ئەو پڕۆژانە لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 60 پڕۆژە دەبن، پڕۆژەکان لەنێوان دوو تاوەکو 99% تەواوکراون، بەڵام راگیراون، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆکارێک بۆ تەواوکردنیان."
 
پڕۆژەکانی پترۆدۆلار ئەو پرۆژانەن کە لەسەر داهاتی نەوت و گاز و پاڵاوگەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، بەپێی سیستەمی کارپێکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو پارێزگا و ناوچانەی کێڵگەی نەوتیان هەیە و نەوت و گازیان تێدا بەرهەمدەهێندرێت، یان پاڵاوگەیان هەیە بڕێک پارە بۆ پڕۆژەکانیان تەرخاندەکرێت.
 
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە لەساڵی 2015ـەوە نزیکەی 450 پڕۆژە راگیراون.  
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.