نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە

14-12-2023
محەممەد تەها
نیشانەکردن نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2030 دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی رابردوو بڕیاریدا کۆتایی بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بهێنێت و لە ساڵی داهاتووشدا لانیکەم سێ جار سوودی بانکی کەمبکاتەوە.
 
نرخی زێڕ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14-12-2023) نزیکبووەوە لە 2040 دۆلار، بەڵام دوای چەند کاژێرێک گەڕایەوە نزیکەی 2030 دۆلار.
 
پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ نرخی زێڕ بکەوێتە ژێر کاریگەریی بڕیاری هەردوو بانکی ناوەندیی بەریتانیا و بانکی ناوەندیی ئەوروپا، کە دوایین کۆبوونەوەی ئەمساڵیان لەسەر سیاسەتی نەختی دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، بەهۆی راگرتنی پرۆسەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە 1980 دۆلارەوە بەرزببووەوە بۆ نزیکەی 2023 دۆلار.
 
بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاژێر 10:00ـی شەوی چوارشەممە بڕیاریدا سوودی بانکی لەنێوان 5٪ بۆ 5.5٪ جێگیر بکات.
 
جێگیرکردنی سوودی بانکی لەو ئاستە بووە هۆکاری خێرا دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا؛ پێنوێنی دۆلار بۆ 102.610 دابەزیوە کە کەمترین ئاستییەتی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا.
 
زوانی مێهتا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان دەڵێ "بەهۆی دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا و نزیکبوونەوە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە 2٪ـە، پێشبینی دەکرێت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەردەوام بێت."
 
رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3٪ دابەزیوە لە مانگی رابردوودا، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو دەست بە دابەزاندنی سوودی بانکی بکات.

 

نرخی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14-12-2023)ـی زێڕ لە بازاڕەکانی هەولێر کە لەلایەن سەندیکای زێڕنگران دانراوە: 

نرخی فرۆشتن:  
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 515 هەزار دینار 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 475  هەزار دینار 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 455 هەزار دینار 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 395 هەزار دینار
 
یەک ئۆنسە زێڕ بە  2035 دۆلارە و 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار هەژمار کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران.

هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە نۆ مانگدا، بایی زیاتر لە یەک ملیار و 181 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە. راشیگەیاند رۆژانە 600 بارهەڵگر لە دەروازەکە بەرەو عێراق دەچن.