وەزارەتی کشتوکاڵ: هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە لووتکەی بەرهەمهێنانی پەتاتە

14-10-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بواری بەرهەمهێنانی پەتاتەدا گەیشتوونەتە لووتکە و بەرهەمی ئەمساڵ 600 هەزار تۆنە. دەشڵێت، "ئێستا پەتاتەی کوردستان لە بازاڕەکانی کەنداوە و کێبڕکێ لەگەڵ پەتاتەی وڵاتانی دیکە دەکات."
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی بەروبوومی ئەمساڵ لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا بە رووداوی گوت، "ئەمساڵ بارانی پێویستمان هەبوو بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و پێشبینیش دەکەین ئەم زستانە بارانی پێویست ببارێت." گوتیشی، "ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باش بوو؛ هەروەها بەرهەمی پەتاتە گەیشتووەتە لووتکەی بەرهەمهێنان کە گەیشتووینەتە 600 هەزار تۆن. تەماتە، خەیار و پیازیش ئێستا دەچێتە بازاڕەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
یەکێک لە کێشەکانی بەشێک لە باخەوانان لە ئەمساڵدا کەمبوونەوەی ترێ بووە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 80 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان کراوە بە رەز و باخی ترێ؛ ساڵی رابردوو 160 هەزار تۆن ترێ هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بۆ کەمتر لە 120 هەزار تۆن دابەزیوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کاریگەریی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوای بە یەکێک لە گەورەترین ئەو هۆکارانە ناوبرد کە وایکردووە، ترێ کەم بێت.
 
هەرچەندە هەرێمی کوردستان بەگشتی لە بواری بەروبوومی نێوخۆیی نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و هێشتا پشت بە بەرهەمی هاوردەکراو دەبەستێت، بەڵام بەشێک لە بەرهەمەکان ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە و هەناردەی دەرەوە دەکرێن، لەنێویاندا پەتاتە، کە بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی پەتاتە گەیشتووەتە لووتکە.
 
هیوا عەلی بە رووداوی گوت، "لێکتێگەیشتنێکی پتەومان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا هەیە. باشکردن و زیادکردنی پەتاتە یەکێک لە ستراتیجییەکانی هۆڵەندا بووە لە هەرێمی کوردستان. ئێستا زیاتر لە 30 جۆر پەتاتەمان هەیە. لە لووتکەی بەرهەمهێنانداین و دەستمان بە هەناردەکردنی کردووە. ئێستا بەرهەمەکە دەنێردرێتە کەنداو و بە تایبەتیش ئیمارات. هەروەها هەردوو براندی KFC و ماکدۆناڵد پێشوازییان لە پەتاتەی هەرێمی کوردستان کردووە، کەواتە پەتاتەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی رکابەرایەتیکردن لەگەڵ پەتاتەی وڵاتانی دیکە. هەروەها لە حەوت کارگەی نێوخۆ پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ پیشەسازیی چپس و فینگەر بەکاردێت و دواتر هەناردەی وڵاتان دەکرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستەڕوو، دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمریکا کراوە و ئێستا ئەمریکا و ئەوروپا نموونەی 50 براندی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانیان لەبەردەستە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن تاوەکو بتوانرێت لە داهاتوودا هەناردە بکرێن. لەوبارەوە گوتی، "زیاتر لە 50 براندی هەرێمی کوردستان وەکو نموونە چوونەتە ئەمریکا و ئەوروپا و کاریان لەسەر دەکرێت؛ هەروەها هەفتەی رابردوو 25 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەریرمان هەناردەی لۆسئانجلس کرد لە ئەمریکا، چونکە دۆشاوی تەماتەی هەرێمی کوردستان سرووشتییە و مادەی دیکەی تێدا بەکارنایەت، بڕیاریشە گرێبەستێک بکرێت بۆ بەردەوامیی هەناردەکردن. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە و کێشەی ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان نەماوە."
 
نەبوونی ساردخانە گرفتێکی دیکەی بەردەم جووتیارانە. بۆ نموونە لە سنووری باڵەکایەتی، تێکڕای ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی کە پێدەگەن دەبێت لە هەفتەیەکدا لێبکرێنەوە و ببرێنە بازاڕ، لەبەرئەوەی ساردخانەیەک یان شوێنێک نییە ئەو بەروبوومانەی لێ هەڵبگیرێت لەدوای لێکردنەوەیان.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، ساردخانەیەک لە سنوورەکە هەیە و ماوەی 13 ساڵە درووستکراوە بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دان بەوەدا دەنێت کە نەبوون یان کەمیی "ساردخانە، یەکێک لە کێشەکان بووە، ئەوانیش تەکنیک و کارەبا و سووتەمەنییان پێویستە،" بەڵام دەڵێت، " ئێستا نزیکەی 1000 ساردخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام جوگرافیایان جیاوازە و رەنگە لە باڵەکایەتی نەبن. ساردخانەکان توانای 10 هەزار تۆن بەروبووم کۆگاکردنیان هەیە؛ دەمانەوێت هاوسەنگیی نرخ رابگرین؛ هەروەها سیاسەتی زیادکردنی ساردخانەکانمان گرتووەتەبەر و لە داهاتوودا ژمارەی ساردخانەکان زیاد دەبێت بۆ هەڵگرتنی بەروبوومەکان و خستنەبازاڕیان لە کاتی پێویستدا. لە عەلوەکانیش ژمارەی ساردخانەکان زیاد دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە