رووداو دیجیتاڵ
هەرێمى کوردستان پێشنیازى بۆ بانکى ناوەندیی عێراق کردووە کاتی تۆمارکردنى کۆمپانیاکانى دراو تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژ بکاتەوە، بەڵام بانکەکە 31ى تەممووزى دیاریکردووە.
نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا نووسراوێکی ئاراستەى بانکى ناوەندیی عێراق کردووە و تێیدا پێشنیازى بەڕێوەبەرایەتیى تۆمارى کۆمپانیاکانى سەر بە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستانی لەبارەى تۆمارکردنى ناوى کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو یان تێکەڵبوونیان ئاراستە کردووە.
پێشنیازى هەرێمى کوردستان ئەوەبووە کە وادەى تۆمارکردن و تێکەڵکردنى ئەو کۆمپانیایانە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى 2024 درێژ بکرێتەوە کە لە 30 حوزەیران کۆتاییهاتووە.
دواى ناردنى ئەو پێشنیازە، بانکى ناوەندیی عێراق 30ى تەممووزى دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ ئەوەى ئەو کۆمپانیایانەى دراو لە رێگەى لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە ئەو مامەڵانە تەواو بکەن.
ئەحمەد جاف، نوێنەرێکی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنى لە بووڵتەنی ئابووریى رووداودا رایگەیاند، "ناتوانین تاوەکو 31ى تەممووز ئەو رێوشوێنانە تەواو بکەین کە بانکى ناوەندیی عێراق داوایان دەکات. هەندێک رێوشوێن لەسەر کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان جێبەجێکراون، بەڵام لەسەر کۆمپانیاکانى دیکەى عێراق نەکراون".
بە گوتەى ئەحمەد جاف، هەندێک لە داواکارییەکانى بانکى ناوەندیی عێراق جێبەجێکردنى چەند مانگێکیان دەوێت.
لە نووسراوەکەى هەرێمى کوردستاندا هاتووە، درێژکردنەوەى ئەو وادەیە لە ماوەى رابردوودا ئەنجامى ئەرێنى هەبووە. بۆ نموونە، رێوشوێنى تیکەڵکردنى 225 کۆمپانیا تەواو بووە کە 29 یان لە جۆری b بوون و 8یان لە جۆری A بوون .
ئەو رێوشوێنەى بانکى ناوەندیی عێراق بۆ کۆمپانیاکانى دراو لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەیە لە فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى سوودمەندبن.
بە گوێرەى نووسراوەکە، 641 کۆمپانیاى تۆمارکراو لە هەرێمى کوردستاندا هەن کە لە کەرتى دراو و ئاڵوگۆڕکردندا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ