گومرگی هەرێمی کوردستان: داهاتی دەروازە سنوورییەکان 10٪ بۆ 20٪ کەمبووەتەوە

14-06-2023
نازەنین گۆران
دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران
دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە شەش مانگی ساڵی رابردوودا داهاتی مانگانەی دەروازە سنوورییەکان لەنێوان 140 بۆ 150 ملیار دیناردا بوو، بەڵام لە شەش مانگی ئەمساڵدا بۆ 110 بۆ 130 ملیار دینار دابەزیوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 14-06-2023 ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 10:00 کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات میوان بوو و گوتی، "رەوشی دەروازە سنوورییەکان جێگیرە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەسندنەکردنی بودجە، تەنگژەی سیاسی نێو هەرێمی کوردستان و ناجێگیری نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، هەندێک داهاتی دەروازە سنوورییەکان کەمیکردووە. ئەوانەی باسم کردن کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە رێژەی 10٪ بۆ 20٪ هەبووە."
 
بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو داهاتی مانگانەی دەروازە سنوورییەکان 140 بۆ 150 ملیار دینار بوو، بەڵام لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە نێوان 110 بۆ 130 ملیار دینار بووە و دەشڵێت، " لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا زۆرترین داهاتی دەروازە سنوورییەکان 130 ملیار دیناری مانگانە بووە."
 
دەروازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تەنیا بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەستراونەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "بەراورد بە دەروازەکانی دیکە، کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە هۆی ئەوەی دەروازەکانی زۆنی سلێمانی داهاتیان زۆر کەم بکات. یەکێک لە هۆکارەکان بەستنەوەی دەروازەکانی ئەو سنوورەیە تەنیا بە ئێرانەوە، ئەوانیش کۆمەڵێک گەمارۆیان لەسەرە و ئەوەش کێشەی گەورەی دروستکردووە؛ کۆمەڵێک دەروازەی دیکەش لەلایەن عێراقەوە بوونەتە کێبڕکێیەکی گەورە بۆ دەروازەکان، بەتایبەتی ئەو دەروازانەی لە عێراقەوە نزیکن، وەک پەروێزخان و باشماخ."
 
بە گشتی لە عێراق یەک پێناسەی گومرگی هەیە، بەڵام بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان عێراق پابەند نییە و دەڵێت، "لە جێبەجێکردندا ئەوان جۆرێک لە کەمتەرخەمییان هەیە؛ رسوماتەکانی دیکەش خزمەتگوزارین کە پێویست دەکات لە هەر دەروازەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی هەبن، بەڵام دیارە لەلایەن عێراقەوە هەندێک لەو خزمەتگوزارییانەش نیین یان فەرامۆشی دەکەن؛ بۆیە بەشێک لە بازرگانەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان روو لە دەروازەکانی عێراق دەکەن و ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروازەکانمان هەیە."
 
لەبارەی کەمکردنەوەی رسومات لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوە کرد، "دەروازەکانی هەرێمی کوردستان ئەرکی گەورەیان لە ئەستۆیە. لە 1992 تاوەکو 2003 دەتوانم بڵێم ئەرکی سەرەکی دابینکردنی مووچە و کۆمەڵێک خەرجی دیکە لەسەر گومرگەکان و دەروازەکان بووە. هەمیشەش چاودێریی دەکەین؛ نامانەوێت ئەو کۆنترۆڵە لەدەست بدەین. عێراق دۆخێکی جیاوازی هەیە و تائێستا پشتیان بە داهاتی دەروازەکان نەبەستووە و تائێستاش نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی دەروازەکان بکەن."
 
لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی هەن ئەوانیش: پەروێزخان و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە بەستراونەتەوە بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە حاجی ئۆمەران بەستراوەتەوە بە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیبراهیم خەلیل بەستراوەتەوە بە تورکیا و باکووری کوردستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە