بەرمیلێک نەوتی برێنت 85 دۆلاری تێپەڕاند

14-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت لە دوو رۆژدا زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەتەوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە زیاتر لە 85 دۆلار کە بەرزترین ئاستە لە چوار مانگی رابردوودا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-3-2024، نرخی نەوتی برێنت دۆلارێك و 26 سەنت، یاخود 1.51٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هاوکات، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش دۆلارێک و 57 سەنت، یاخود 1.98٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە چوار مانگی رابردوودا، بەدیاریکراویش لە 6ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ خواست لەسەر نەوت بە بڕی ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبکات.
 
ئاژانسەکە هۆشداریشی دا لەوەی "خاوبوونەوەی ئابووریی جیهان دەبێتە سەرئێشەیەکی دیکە لە خواست لەسەر نەوت".
 
تاماس ڤارگا، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای PVM دەڵێت، "لە کاتێکدا کە بۆچوونی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەبارەی هاوسەنگیی نەوت لە جیهان هێشتا زۆر لە پێشبینییەکانی ئۆپێکەوە دوورە، بەڵام ئەم راپۆرتە هیچ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەو هەستی گەشەسەندنە نابێت کە دروستبووە".
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، پێنوێنی نرخی بەرهەمهێنەران لە مانگی رابردوودا 0.6٪ زیادبووە، ئەوەش دووهێندە زیاترە لە ئاستی پێشبینییەکان و، هۆکارەکەش زیادبوونی نرخی بەنزینە لەو وڵاتە.
 
ئێستا بازرگان و وەبەرهێنەران زۆرینەیان پێشبینی دەکەن کە لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
 
هاوکات، ئەمڕۆ وەزارەتی وزەی رووسیاش رایگەیاند، بەهۆی کوژانەوەی کارەبای پاڵاوتگەکانەوە، پێشبینی دەکەن هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیان زیادببێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا ئۆکراینا بەشێوەیەکی چڕ و لە رێگەی درۆنەوە بەشێك لە پاڵاوتگەکانی رووسیای بۆردوومان کرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە