سۆران عومەر: پارەی مووچە لەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستانە

14-03-2024
ئەحمەد حەمید
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق پێیگوتم گرفتی مووچە چارەسەر دەکرێت، دەشڵێت، پارەی مووچە لەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەکرێت دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "وەزیری دارایی پێیگوتم گرفتی مووچە چارەسەر دەکرێت و بە بانکیکردنی مووچەش دەکرێت، باسی لەوەکرد ئەوەی دەگوزەرێ تەنیا ئەوانە نییە لە راگەیاندندا هەیە."
 
رۆژی 12ی ئاداری 2024 دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەى هەرێمى کوردستان کە پڕۆسەی بە بانکیکردنى مووچەکەیان بە هۆکاری تەکنیکی تەواو نەبێت، دەبێت پارەکەیان بە کاش پێبدرێت تاوەکو دەبنە خاوەن هەژمار.
 
سۆران عومەر، دەڵێت: "ئەو گوشارەی وەزارەتی دارایی عێراق دەیکات بۆ ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ببێت و بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران دەستپێبکات."
 
رۆژی 11ـی ئادار، وەزارەتى دارایی عێراق بە چوار لیست پارەى مووچەى مانگى شوباتى هەرێمى کوردستانى رەوانەکرد، کە 560 ملیار و 218 ملیۆن و 37 هەزار و 912 دینار بوو.
 
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی شێوازی دابەشکردنی مووچە، ئەو ئەندامەی پەرلەمان باسی لەوەکرد: "ئەو بڕیارانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت." 
 
جەختیکردەوە کە وەزیری دارایی گوتوویەتی پارەی مووچە لەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەکرێت دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت.
 
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا ئاماژەی بەوەکردووە هەر لیستێک بۆ بەغدا نێردرابێت مووچەکانیان نێردراوە، و سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، رایگەیاندووە لە وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتی تایبەتی هەیە هێزە ئەمنییەکان لەو بەڕێوەبەرایەتییە لیستەکانیان هەیە.
 
سۆران عومەر، دەڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکان بکەن و پێویست بە لێدوانی تووند ناکات، دەبوو لەگەڵ هاتنی پارەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی نێوخۆ دەستی بەدابەشکردنی مووچە بکردایە. 
 
حکومەتی عێراق "پێی خۆش نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بانکی بکرێت، چونکە ئەوە سەپێندراوە بەسەر حکومەتی عێراقیدا."
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق رۆژی چوار شەممە، 13/32024، رایگەیاند، ناردنى پارەی مووچە بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەردەوامە و رانەگیراوە، وەزارەتى دارایی فیدڕاڵیش پابەندە بە ناردنى پارە بۆ مووچەى مانگى ئادار.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە