نرخی مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دینار دابەزی

14-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەراورد بە دوێنێ سێشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان 10 هەزار دینار دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان نرخی زێڕ گەیشتە کەمترین ئاستی دوو مانگی رابردووی.
 
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام بەگوتەی زێڕینگەرێک و شارەزایەکی بوارەکە لە هەرێمی کوردستان ئەو دابەزینە نەبووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەندرێن وەرتی، شارەزا لە بواری زێڕ کە هاوکات زێڕینگەرە لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەراورد بە دوێنێ بەیانی، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دینار دابەزیوە، بەڵام ئەو دابەزینە زۆر کاریگەری نەبووە و بازاڕی نەجوڵاندووە، "چونکە زۆربەی هاووڵاتییان ئەو مووچەیەی وەریانگرتووە هەموویان بە قەرز داوەتەوە".
 
هەندرێن وەرتی، لە هەمانکاتدا گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی هەرێمی کوردستانە. ئەو دەڵێت، "بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر بازاڕیان کردووە و هاووڵاتییەکی کەم رۆژانە سەردان دەکەن و زێڕ دەکڕن کە زۆربەی کات 10 بۆ 20 مسقاڵ زیاتر ناکڕن".
 
بە گوتەی ئەو زێڕینگەڕە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی زێڕ لە بازاڕی نێوخۆ بەم جۆرە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24: 495,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22: 455,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21: 435,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18: 375,000
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 1 لە ئەمریکا، نرخی زێڕ داڕما بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 1992 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ تەنانەت چەند کاژێر لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی بۆ خوارەوەی 1990 دۆلار.
 
نووسینگەی ئامارەی سەر بە وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 1ی ئەم ساڵدا لە ئاستی مانگانەدا بەرزبووەتەوە بۆ 0.3٪.
 
ئەو رێژەیە بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە ئەمریکا لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە