گوتەبێژی حکومەتی عێراق: بڕیاردرا بە ناردنی 618 ملیار و 587 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان

14-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە وردی بڕی ئەو پارەیەی راگەیاند کە بڕیارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.  
باسم عەوادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاماژەی بەوە کرد 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. 
 
عەوادی گوتی: بڕیاردرا بە "پاردارکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 بە بڕی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بەتەنیا، لە چوارچێوەی خەرجیی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2024."
 
پێشتر خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدای راگەیاندبوو، ئەو بڕە پارەیەی کە "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێداوە، قەرز و سولفە نییە، بەڵکو ناردنی ئەو پارەیە لە پشکی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی 2024ـدا."
 
حکومەتی عێراق پێشووتر بڕی 700 ملیاری دەنارد وەکو قەرز، بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە؛ لەوبارەوە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو گوتی، "دوای وردبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکدانەوە و خەمڵاندنەکانی عێراق بۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 615 ملیار دینار خەمڵێندراوە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ لێکدەدرێت و مووچەی پێ دابەشدەکرێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی رابردوودا بە ناردنی 700 ملیار دیناریش هەندێک جار لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا تووشی کورتهێنان دەبوو، بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، شاندی هەرێمی کوردستان بەر لە گفتوگۆکردن لەبارەی بودجەی 2024، داوایان کردبوو ئەو 700 ملیار دینارە زیادبکەن بۆ 750 ملیار دینار، بەڵام جێبەجێ نەکرا، ئێستا پێشبینی دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میکانیزمێک ئەو کورتهێنانە چارەسەر بکات.
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە