رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، پێشنیازی پەرلەمانتارانیان بۆ لێکۆڵینەوە لە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەدەستگەیشتووە و هەوڵدەدەن کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی بۆ رێکبخەن. لەبارەی ناردنی 400 ملیارەکەش گوتی، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و کێشەی ناردنی پارەکە چارەسەرکراوە، تەنیا ناردنی ماوە.
رۆژی شەممە، 14-01-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ئەو وەک یەکێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر پێشنیازی پەرلەمانتاران بۆ رێکخستنی دانیشتنێکی پەرلەمان داوە و رەوانەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە بۆئەوەی ئەوانیش رەزامەندی بدەن و بکرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکان.
"دەبێت پەرلەمان بزانێت ئەو هەموو پارەیە بۆ کوێ دەڕوات"
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتییانی عێراقەوە هەیە، بۆیە دەبێت پەرلەمانی عێراق لەوە بکۆڵێتەوە و بزانێت هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار چین.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، پەرلەمان نوێنەری خەڵکە و دەبێت ئەوەی بۆ روون ببێتەوە کە ئەو پارەیە چۆن و لە کوێ و لە رێگەی چ دەروازەیەکەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان عێراق دەڕوات و دەبێ هەموو ئەوانە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق روونبکرێتەوە.
پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2023ـی عێراق چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین بودجە بێت لە مێژووی وڵاتەکەدا.
لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لێکتێگەیشتنەکان تەواو بوون و ئەوەی کە ماوەتەوە وەزارەتی داراییە کە لە هەندێک خاڵدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش گرفتیان هەیە و لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکەیش هەندێک کێشەیان هەیە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، هەرکاتێک ئەو کێشانە چارەسەر کران، وەک ئەوەی کە خۆی لە سەرۆکوەزیران گوێی لێ بووە، سوودانی بە نیازە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای بودجە بەیەکەوە بنێرێتە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2023 کە دەگوترێت 14٪ـە، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، بابەتی ئەو 14٪ـە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە یەکلاکراونەتەوە، بەڵام وردەکارییەکەی باشترە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیان رایبگەیێنێنن.
"کێشەی 400 ملیارەکەش چارەسەر بووە"
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و كارنامەی وەزاریی کردووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا پێیوایە لەو سەردانەی مەسرور بارزانی دا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لێکتێگەیشتنی زۆر باش دروست بوو. دەشڵێت، دوای ئەو سەردانە، بابەتی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان یەکلاکرایەوە و تەنیا رێکارەکانی ناردنی پارەکە ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ