لەکاتی داخستنی بازاڕ بەهای دینار بەرزبووەوە

13-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 13.11.2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 161 هەزار دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 160 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە بەهای دینار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر دۆلار بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە 159 هەزار دیناریش مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دینار دوای ئەوە هات کە دوێنێ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات، عێراق و ئەمریکا لەسەر ئەوە رێککەوتوون بانکی زیاتری عێراقی دۆلار لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەربگرن.
 
رۆژی یەکشەممە 12-11-2023، سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی زیادکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە دۆلاریان پێ دەدرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ژمارەی ئەو بانکە عێراقییانەی وەرگرتنی دۆلار دەیانگرێتەوە و دەتوانن راستەوخۆ لە وەرگرتنی دۆلار لە ئەمریکاوە سوودمەندبن، بۆ 10 بانک زیادکراون".
 
ئەو هەواڵە، وەک حاجی سابیر باسی لێوەدەکات، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقییە بەرامبەر دۆلار.
 
حاجی سابیر دەشڵێت، رەنگە بەهای دینار زیاتریش بەرزبێتەوە، بەڵام هەڵبەز و دابەزی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و چوونە واری جێبەجێکردنی رێکارە نوێیەکانی بانکی ناوەندی لە گۆڕینی مامەڵە نێوخۆییەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار بەردەوام دەبێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دراوی هەولێر باسی لەوەشکرد، دۆخە سیاسییەکەش هێور بووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار داناوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 230 ملیۆن و 744 هەزار و 244 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە 212 ملیۆن و 84 هەزار و 444 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 18 ملیۆن و 659 هەزار و 800 دۆلاریشی بەشێوەی نەخت بوو.
 
زیاتر لە ساڵێکە بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار لە نزمیدایە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام زۆرینەی پارەکەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە