دووجار وردبینی لە لیستی مانگی حەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە

13-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دووبارە وردبینیکردنەوە لە لیستى مووچەى مانگى تەمووزى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن فەرمانگەیەکى وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە، ناردنى پارەى لە بەغداوە دواخستووە، بەگوتەى سەرچاوەیەک "پێشبینی دەکرێت لە ماوەى هەفتەیەکدا پارەکە بنێردرێت." 
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتوون، دواکەوتنى ناردنى پارەى مووچەى مانگى تەمووزى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵ، پەیوەندیدارە بە دووبارە وردبینیکردنەوە لە لیستى مووچە لەلایەن فەرمانگەى بودجەى سەر بەو وەزارەتەوە.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا کە ئاگادارى ئەو دۆسیەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەوە دووەمجارە لە وەزارەتى دارایی وردبینى لە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستاندا بکرێتەوە، ئەو هەنگاوە بە فەرمانى تەیف سامى، وەزیرى دارایی بووە." 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو؛ وردبینیکردنەوەکە بە پاساوى ئەوە بووە؛ ژمارەیەک ناو بۆ لیستی مووچەی مانگی حەوت زیادکراوە، کە لە مانگەکانی پێشوودا لە لیستەکە نەبوون، هەروەها ناوى دووبارى تێدابووە.
 
سەرچاوەکەى رووداو گوتى "پێشبینى دەکرێت لە ماوەى هەفتەیەکدا ئەو وردبینیکردنەوەیە تەواو بێت و پارەى مووچە بنێردرێت." 
 
بەڵام ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (سێشەممە، 13ـی ئابی 2024) دوای کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەڕێز تەیف سامی گوتی؛ وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا، دەست بەناردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت."
 
پارەى پێویست بۆ مووچەى مانگانەى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 950 ملیار دینارە، زیاتر لە 230 هەزار خانەنشینى مەدەنى و سەربازيیش لە هەرێمى کوردستان هەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە