گرێبەستێکى نەوت لەگەڵ کۆمپانیایەکى هاوبەشی چینى - عێراقى واژۆ کرا

13-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق گرێبەستى پەرەپێدانی کێڵگەیەکى نەوتى لەگەڵ کۆمپانیایەکى هاوبەشی چینى - عێراقى واژۆ کرد، کە پێنج کارى جیاواز دەگرێتەوە. رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت و 50 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنن.
 
گرێبەستەکە لەنێوان وەزارەتى نەوتى عێراق و هاوپەیمانیی چینى – عێراقى بووە بۆ پەرەپێدانى کێڵگەى تۆبە لە بەسرە.
 
ئەو گرێبەستە، پێکهاتووە لە: بەرهەمهێنانى رۆژانەى 200 هەزار بەرمیل نەوت، وەبەرهێنانى 50 ملیۆن پێ سێجا گازى هاوەڵ، دروستکردنى پاڵاوگەیەک کە رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، دروستکردنی کارگەیەکى پترۆکیمیایی کە ساڵانە 800 تۆن بەرهەمى دەبێت، کارگەیەکى چیمەنتۆ و دوو وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا کە تواناى بەرهەمهێنانى 1200 مێگاوات کارەبایان هەیە.
 
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق راگەیاند، "ئەو پڕۆژەیە پاڵپشتییەک دەبێت بۆ ئابووریى وڵات و دەرفەتى کار بۆ هاووڵاتییانى قەزاى زوبێر و پارێزگاى بەسرە دەڕەخسێنێت."
 
هاوپەیمانیى چینى – عێراقی پێکهاتووە لە هەردوو کۆمپانیاى (جیۆ-جید)ى چینى و کۆمپانیاى کرسنتى بەسرە، کە کۆمپانیایەکى وەبەرهێنانى عێراقییە.
 
واژۆکردنى ئەو گرێبەستە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕى مۆڵەتی تەواوکاریی پێنجەم و گەڕی شەشەم بۆ وەبەرهێنان لە 29 کێڵگە و شوێنی دۆزینەوەی نەوت و گاز.
 
ئەو گەڕەى گرێبەستەکان بە سەرپەرشتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراقە و ماوەى سێ رۆژ دەخایێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە