گومرگی هەرێمی کوردستان: داهاتی دەروازە سنوورییەکان مانگانە 120 بۆ 150 ملیار دینارە

13-02-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی دەروازە سنوورییەکان جێگیرە و مانگانە لە نێوان 120 بۆ 150 ملیار دینارە. دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا لە ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر مامەڵەکردن بە دۆلارە."
 
رۆژی سێشەممە 13-02-2024، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داهاتی دەروازە سنوورییەکان کەمی نەکردووە، بەڵام زیادیشی نەکردووە و هەر جێگیرە، مانگانە لە نێوان 120 بۆ 150 ملیار دینارە. 
 
لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتیی هەن کە سێ دەروازەیان لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتە، ئەوانیش پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران، هاوکات دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە لەگەڵ تورکیا و باکووری کوردستانە، بەڵام جگە لەوانە حەوت دەروازەی لاوەکیش هەن کە بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە عێراق کردووە بکرێنە فەرمی.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، دوایین جار لەگەڵ بەغدا لەبارەی ئەو دەروازانە گفتوگۆیان کرد گەیشتوونەتە رێککەوتنێک کە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوانیان پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی سەردانی دەروازەکان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنە پێکنەهێندراوە، بۆیە دیار نییە کەی لیژنە سەردان دەکەن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 16-10-2023 رایگەیاند، بڕیاردراوە بە وەرگرتنی رەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورى و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دینارى عێراق.
 
لەوبارەوە ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی، تاوەکو ئێستا لە ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر مامەڵە بە دۆلارە نەک بە دینار، ئەوان دەڵێن، پێویستیان بە کاتە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئەگەر هۆکاری دیکەش هەبێت ئەوان خۆیان باشتر دەزانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە