گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: 13 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانمان هەیە

13-02-2024
رێناس ساڵح
ئەحمەد مووسا ئەلعەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق
ئەحمەد مووسا ئەلعەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیەنێت کۆتایی ئەم هەفتەیە کاژێرەکانی کارەبا زیاد دەکەن و بۆ هاوینی ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەیێننە 27 هەزار مێگاوات و دەست بە دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا دەکەن. دەشڵێت، "لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی زۆرباشمان هەیە و تۆڕەکانی کارەبایان پێکەوە بەستوەتەوە بۆ ئەوەی سوود لە کارەبای هەرێمی کوردستان ببین."
 
رۆژی سێشەممە، 13-02-2024، ئەحمەد مووسا ئەلعەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی رووداو بوو؛ رایگەیاند: "ئامادەکاریی زۆر باشمان بۆ هاوینی ئەم ساڵ کردووە، توانای بەرهەمهێنانمان لە 24 هەزار مێگاواتەوە بۆ 27 مێگاوات زیاد دەکەین، رۆژانە زیاتر لە 15 کاژێر کارەبا دەدەینە هاووڵاتییان".
 
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە 81 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبا خەرجکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو پارە زۆرە هێشتا 13 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "بەرزترین خواست بۆ کارەبا لە هاوین 40,000 مێگاواتە، ساڵی رابردوو لەو وەرزەدا توانای بەرهەمهێنان 24 هەزار مێگاوات بوو، بەڵام ئێمە تونای بەرهەمان ئەگەر بگەیەنین بە 27 هەزار مێگاوات هێشتا 13 هەزار مێگاوات کورتهێنانمان هەیە، بەڵام لە رۆژی یەکی ئایارەوە کاژێرەکانی کارەبا زیاد دەکەین و دەست بە جێبەجێکردنی پلانی هاوینە دەکەین."
 
ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 18 هەزار و 600 مێگاواتە، کە 8,000 مێگاواتی لە رێگەی گازەوە دابیندەکرێت، بەڵام ئێستا ئەو گازە کەمیکردووە، بەهۆی ئەوەی ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە، خواستی عێراق بۆ کڕینی گاز و بەکار‌هێنانی لە وێستگەکانی کارەبا 50 ملیۆن پێ مەتر سێجایە، بەڵام 10 ملیۆن پێ مەتر سێجا گاز لە ئێران دەکڕێت.
 
ئەحمەد مووسا باسلەوەدەکات لەگەڵ ئێران قسەیان کردووە پێیانڕاگەیاندوون کەمکردنەوەکە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی گازە، کۆتایی ئەم هەفتەیە کارەکانی کۆتایی دێت کە ئێستا بەو هۆیەوە نزیکەی 4,200 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە دەشڵێت: "بەوشێوەیە کۆتایی ئەم هەفتەیە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا دەگەنە 16 کاژێر."
 
عێراق هاوشێوەی هەرێمی کوردستان پەنا بۆ پێوەری زیرەک دەبات
 
بۆ چارەسەرکردنی کەمیی کارەبا، عێراق هێڵی کارەباکەی بە هێڵی کارەبای چەند وڵاتێک بەستووەتەوە، لەوانە ئێران، ئوردن، سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو؛ هاوکات، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش چەند هێڵێکی پێکەوە بەستوونەتەوە. 
 
ئەحمەد مووسا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان هەیە، زۆر ئاسانکاریی بۆ کردین لە بەستنەوەی چەند وێستگەیەکی کارەبا، لەگەڵ چەند وەبەرهێنەری کورد پەیوەندیمان هەیە بۆ دابینکردنی کارەبا، لەبەر ئەوەی سەقامگیریی هەر وەزارەتێکمان پەیوەستە بەوەی دیکەمان."
 
ئەو کۆمپانیانەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنەری سەرەکیی کارەبان وەک ماس گڵۆباڵ و کار گرووپ لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش کارەبا بەرهەمدەهێنن.
 
لەبارەی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە پارێزگای کەرکووک، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، هاوئاهەنگیمان هەبوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام کۆرمۆر سەرچاوەی دابینکردنی گازە بۆ چەند وێستگەیەکی هەرێمی کوردستان ئێمەش لەوە تیدەگەین سەقامگیریی کارەبا لەوێ بەمانای سەقامگیری وەزارەتەکەی ئێمەشە.
 
ئەحمەد مووسا ئاماژەی بە گرفتێکی کارەبا کرد، ئەویش ونبوون و بەفیڕۆچوونی کارەبایە، هەروەها پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە دانی کرێی کارەبا، ئەحمەد مووسا گوتی: "بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە وەزارەتی کارەبای عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە تاوەکو سوود لە ئەزموونی کارەبای زیرەکی هەرێمی کوردستان ببینن." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: "بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، دەبێت سیستمی زیرەکی کارەبا دابنێن بۆ ئەوەش سەردانی هەرێمی کوردستانمان کرد تا لە نزیکەوە پرۆسەکە ببینین، ئێمەش دەست بەو پرۆژەیە دەکەین وەک دەستپێک لە 10 ناوچە جێبەجێی دەکەین."
 
هەرچەندە حکومەتی عێراق رێکارەکانی بەستنەوەی کارەبای لەگەڵ تورکیا تەواو کردووە، بەڵام بەرزیی نرخی وزە لەو وڵاتە کڕینی کارەبای لەو وڵاتە راگرتووە، ئەحمەد مووسا، ئاماژەی بەوەکرد، نرخی وزە لە تورکیا گرانە ناتوانن بەو نرخە کارەبایان لێبکڕن، بەڵام ئێران بە نرخی هەرزان کارەبایان پێدەفرۆشێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "دەمانەوێت سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەمەچەشن بکەین، بۆ ئەو مەبەستە کێڵگەی گازی نیشتمانی کاری تێدا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا کار دەکەین بۆ پەرەدان بە بەکارهێنانی سۆلار بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی خۆر و با هەروەها ریسایکلکردنی خۆڵوخاشاک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا."
 
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە تاوەکو 2030 یەک لەسەر سێی پێداویستیی کارەبا لەرێگەی وزەی نوێبووەوە دابین دەکەن. پلانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە کۆتایی 2021 داڕێژراوە و بڕیار دراوە تاوەکو 2030 لانیکەم 12 هەزار مێگاوات کارەبا بەتەنیا لە رێگەی وزەی خۆرەوە دابین بکرێت.
 
بەپێی پەیمانگەی وڵاتانی عەرەبی کە بارەگاکەی لە واشنتنە، حکومەتی عێراق تەنیا 4.5 هەزار مێگاواتی گرێبەستی لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە کردووە. لە کۆی 4.5 هەزار میگاواتیش تەنیا 2.3 هەزار مێگاواتی گرێبەستەکانیان پەسندکراون بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە