رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی لە شوێنی ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی دەبێتە خاوەن گەورەترین گرێبەستی وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی "قورنەی رۆژئاوای ژمارە یەک"، کە یەکێکە لە کێڵگە نەوتییە هەرە گەورەکانی جیهان و دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای بەسرە لە عێراق.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسن مۆبیل واژۆکردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارەکانی لە کێڵگەکەدا بێنێت و رێگە بە پێترۆچاینا بدات ببێتە وەبەرهێنەری سەرەکیی کێڵگەکە.
حەسەن محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە ئاژانسەکەی گوتووە، "خوێندنەوەمان بۆ رێککەوتنەکە کرد و وەزارتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە بڕوایان وایە کە باشترین بژاردە ئەوەیە کۆمپانیای پێترۆچاینا ببێتە بەڵێندەری سەرەکیی قورنەی رۆژئاوای ژمارە یەک".
دوای رۆیشتنی ئێکسن مۆبیل، کۆمپانیای پێترۆچاینا دەبێتە گەورەترین خاوەن پشکی کێڵگەکە.
حەسەن محەممەد هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، عێراق "رێککەوتنی فرۆشتنی" واژۆکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە داراییەکان تاوەکو کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە سەر بە حکومەتی عێراقە، ببێتە خاوەنی ئەو پشکانەی کە ئێکسن مۆبیل دەستبەرداریان دەبێت.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە باسی لەوەش کردووە، لە گفتوگۆکانی داهاتوودا، بەهای ئەو باجە دیاری دەکرێت کە پێویستە ئێکسن مۆبیل لە بەرامبەر فرۆشتنی پشکەکانیدا بیدات.
حەسەن محەممەد دەڵێت، "پرسی باجەکە تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراوە و بە گوێرەی رێککەوتنی فرۆشتنەکە، دوو بژاردەمان هەیە؛ یان دەگەینە رێککەوتنێک لەسەر باج، یانیش پەنا دەبەینە بەر نێوبژیوانکاری."
ساڵی رابردوو، کۆمپانیای پێرتامینای ئەندەنووسی 10٪ی پشکەکانی ئێکسن مۆبیلی لە کێڵگەی قورنەی رۆژئاوای ژمارەی یەک کڕین و بەوەش رێژەی پشکەکانی بۆ 20٪ بەرزکردەوە؛ کۆمپانیای نەوتی بەسرەش 22.7٪ی پشکەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکەی کڕیەوە.
ساڵی 2021، خالید حەمزە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە رۆیتەرزی گوت کە ئێکسۆن مۆبیل دەیەوێت بایی 350 ملیۆن دۆلار پشکەکانی بفرۆشێت.
یەدەگی کێڵگەی نەوتی قورنەی رۆژئاوای ژمارە یەک بە 20 ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت. ئێستا رۆژانە 560 هەزار بەرمیلی لێ دەردەهێندرێت، ئەمە بە گوتەی بەرپرسانی کێڵگەکە.
دوای جێهێشتنی کێڵگە نەوتییەکە، ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی هیچ رۆڵێکی لە کەرتی وزەی عێراقدا نامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ