وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: ئاگادارنین عێراق مامەڵەکردنی بە یوانەوە راگرتبێت

12-07-2024
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی راگرتنی مامەڵە بە دراوەکەیەوە، بە رووداوی گوت "ئاگاداری ئەو دۆخە نین." 
 
رۆژی 11ـی تەممووز، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بانکی فیدراڵیی ئەمریکا راگرتنی مامەڵەکردنی بە دراوی یوانی چینی بەسەر عێراق دا سەپاند بە پاساوی ئەوەی سەرپێچی لە بەشێک لە حەواڵە داراییەکان یان بوونی کێشەی دیاریکراو هەیە."
 
مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە پەکین لەو بارەیەوە پرسیاری لە وەزارەتی دەرەوەی چین کرد و لە وەڵامدا گوتیان: "ئێمە ئاگەداری ئەو دۆخە نین کە باست کرد."
 
وەزارەتەکە دەشڵێت: "جەخت لەوە دەکەینەوە کە چین و عێراق هاوبەشی ستراتیژین و هەردوولا هاوکاری دۆستانەیان بە شێوەی قازانج  بۆ هەردوولا و بردنەوە-بردنەوە لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجامداوە." 
 
ئاماژە بەوەش دەکات: "چین بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق، هاوکارییەکانی لە بوارەکانی دارایی و بوارەکانی دیکەی نێوان هەردوو وڵاتدا بەهێزتر کردووە، هەروەها بەردەوام پێشکەوتنی نوێی بە هاوبەشی ستراتیژی نێوان چین و عێراقدا بەدەستهێناوە." 
 
بەگوتەی کازمی: "زۆر لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەسەپێندرێن."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دادەنرێت، کە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دەبێت، ئەو پارەیە بە نەخت نادرێت بە عێراق، بەڵکو حەواڵە دەکرێت لەڕێگەی ئەو حەواڵانەی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بانکی فیدراڵی دەریان دەکات."
 
موعین کازمی پێیوایە، "زۆر لە رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بە ئیرادەی ئەمریکاوە بەستراونەتەوە، رەنگە ئەو ئیرادەیە بە هۆکاری کارگێڕی یان دارایی و پارەدارنەکردنی تیرۆر و شتی دیکە ببەسترێتەوە، بەڵام مەبەستەکان سیاسیین و بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی عێراقە."
 
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە بانکی ناوەندی دەکات کێشەکە چارەسەر بکات و سەبەتەی دراوەکان هەمەچەشن بکات، بۆ ئەوەی بژارەکان بۆ بانکی ناوەندی و بازرگانان فرەبێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق سەرەتای 2023 ژمارەیەک بڕیاری بۆ پارێزگاری لە سەقامگیریی دۆخی نەختینە و ئابووریی گشتی و رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەرکرد، لەوانە ئاسانکاریی لە پرۆسەی هاوردە و هەناردە لە رێگەی کردنەوەی مامەڵەی نوێ لەگەڵ بانکەکانی جیهان، لەنێویاندا بانکەکانی چین.
 
لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بەهێزکردنی باڵانسی بانکەکانی عێراق بوو، ئەوانەی هەژماریان لە بانکەکانی چین بە دراوی ئەو وڵاتە هەیە، چونکە مامەڵەی راستەوخۆ بە یوان کاریگەریی لەسەر خێراکردنی مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردن هەیە و نرخەکانی دراو لەنێو عێراق دەپارێزێت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی لە بەغدا لە 15-12-2024

شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی تیمی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتی نێوخۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دێت و سبەی شاندێک دەچێتەوە بەغدا.