کارگەی قوتووبەندی هەریر: داخستنمان لە ئان و ساتدایە و تەنیا ئەم وەرزە بەرهەم وەردەگرین

12-07-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
بەرهەمێکی کارگەکە لە پێشانگەیەکی خۆراکدا لە هەولێر
بەرهەمێکی کارگەکە لە پێشانگەیەکی خۆراکدا لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کارگەی قوتووبەندی هەریر لەبەردەم مەترسیی داخستندایە. یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگەکە دەڵێت، حکومەت پاڵپشتیی پێویستیان ناکات و رەنگە تەنیا ئەم وەرزە بتوانن بەرهەمی جووتیاران وەربگرن. 

شەپۆل شوان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگەی قوتووبەندی هەریر رۆژی چوارشەممە، 12-7-2023، بە رووداوی گوت، "دەستمان کردووە بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بەرهەمی تەماتەیەی گونجاوە و ئێمە پێویستمانە بۆ دۆشاوی تەماتە، نییە و ئەوەش کە هەیە نرخەکەی زۆر بەرزە و لە توانای ئێمەدا نییە بیکڕین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ساڵانی رابردوو لە کارکردنماندا زەرەرمەند بووین، بەڵام بەردەوام بووین بۆئەوەی بەرهەمەکانمان بە خەڵک بناسێنین. بەرهەمەکانمان سرووشتین و کوالێتییان بەرزە". 
 
کارگەی قوتووبەندی هەریر یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی قوتووبەندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ کارگەکە ساڵی 2021 ئامێرەکانی گۆڕدران و خراوەتەوە کار. وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی لەگەڵ کارگەکەدا کردووە تا بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران بکڕێت. لەو کارگەیەدا دوو ساڵی رابردوو رۆژانە 100 تاوەکو 150 تۆن تەماتە لە جووتیاران وەرگیراوە و دۆشاوی تەماتە بەرهەمدەهێنرێت.
 
ئێستا کارگەکە لە قەیراندایە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگەکەش گلەیی هەیە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەوەی هاوکار نەبوون بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان. شەپۆل شوان دەڵێت، "لەسەرەتای دەستبەکاربوونمان، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ واژۆ کرد. چەند مەرجێک لەسەر کارگەکەمان سەپێنران کە ئێمە مەرجەکانمان بە زیادەوە جێبەجێکرد، لەوانە مەرجێک ئەوە بوو 50٪ـی تەماتەی خۆماڵی وەربگرین، بەڵام ئێمە 100٪ـی تەماتەی خۆماڵیمان وەرگرت. وەزارەتی کشتوکاڵ پابەندییەکانی وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە، بەتایبەت ئەوەی کە بریتی بووە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تا بمانتوانیایە کێبڕکێی بازاڕ بکەین و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو کێبڕکێیەمان پێنەکراوە. پیویست بوو حکومەت یارمەتیدەرمان بێت لە دەروازە سنوورییەکان تا بەرهەمی هاوردەکراو کەم ببێتەوە، لەپێناو ساخبوونەوەی بەرهەمی کارگەکەمان، بەڵام ئەوە نەکراوە و بەو هۆیەشەوە نەمانتوانیوە کێبڕکێ بکەین". 
 
بەگوتەی یاریدەدەری کارگەی قوتووبەندی هەریر، "هاوکارینەکردنی حکومەت وایکردووە نەتوانین لە کارکردن بەردەوام بین. ئەگەر زۆر گوشار لە خۆمان بکەین تەنیا ئەمساڵ دەتوانین تەماتە وەربگرین؛ بۆیە بەداخەوە رەنگە ئەمە دوایین وەرزی کارکردنمان بێت". 
 
کارگەی قوتووبەندی هەریر لە ساڵانی 2021 و 2022 تەماتەی جووتیارانی وەرگرتووە. کارگەکە لە 6 کیلۆ و 50 گرام تەماتە قوتوویەکی 850 گرامیی دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت. 
 
کەرەستەی خاوی کارگەکە سەرجەمی لە دەرەوە دێت، تەنیا بەرهەمی تەماتەی نێوخۆییە. بەگوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری کارگەکە، بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لەسەریان خەرجیی زۆرە، بۆیە نرخەکەی لە نرخی دۆشاوی تەماتەی هاوردەکراو زیاترە.
 
لەبارەی ئەگەری وەستانی کارەکانی کارگەکەوە، شەپۆل شوان دەڵێت، "بەداخەوە ئەگەری وەستانی کارەکانی کارگەکەمان زۆر نزیکە. لەگەڵ ئەوەی پلانمان وابوو بەرهەمی دیکەمان هەبێت وەک ئاوی لیمۆ و ئاوی میوەی سرووشتی و شەربەت. ئێمە لە شتە ئاسانەکەوە دەستمانپێکرد تاوەکو هەنگاوێک بێت بەرەو بەرهەمەکانی دیکە. دۆشاوی تەماتە لە هەموو شتەکانی دیکە ئاسانترە، بەڵام ئێمە لە رووی ئابوورییەوە لە بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە وەکو پێویست سەرکەوتنمان بەدەست نەهێنا؛ ئەمە وایکردووە سارد ببینەوە بۆ هەنگاونان بەرەو بابەتەکانی دیکە، هەرچەندە ئێستا بەردەوامین و خەڵکمان لە دەرەوەش هێناوە، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیە بێت، بە دڵنیاییەوە داخستنی کارگەکە لە ئانوساتدایە و هەرکاتێک بێت رەنگە بڕیار لە داخستنی بدرێت". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە