کۆمپانیا جیهانییەکان چاویان لە هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ گواستنەوەی ئینتەرنێت

12-02-2024
رێناس ساڵح
شڤان میسری، بەڕێوەبەری رێڕەوی باکوور لە کۆمپانیای GBI لە بووڵەتنی کاژێر 09:00ـی رووداو
شڤان میسری، بەڕێوەبەری رێڕەوی باکوور لە کۆمپانیای GBI لە بووڵەتنی کاژێر 09:00ـی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی پچڕاندنی کێبڵەکانی هێڵی ئینتەرنێتی ژێر دەریای سوور دەکەن، ئەم هەڕەشەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، چونکە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت چاویان لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە وەک شوێنگرەوە.
 
هەڕەشەی گەورە لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی ئینتەرنێتە کە کێبڵەکانی فایبەر ئۆبتیک لە ئاسیا و ئەوروپا پێکەوە گرێدەدەن و لەژێر دەریای سوور راکێشراون. راپۆرتێکی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کەنداو، هۆشداری لەمبارەیەوە داوە و دەڵێ حوسییەکان، چەکێکیان لەبەردەستدایە کە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکێشەکە بگۆڕێت، لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شەڕی غەززەوە؛ ئەویش پچڕاندنی هێڵەکانی گواستنەوەی ئینتەرنێتە. 
 
بەهۆی ئەو مەترسییەوە و بەگوێرەی راپۆرتەکە؛ ئێستا رەوتێک دروستبووە کە دەیەوێت هێڵەکانی ئینتەرنێت لەژێر دەریای سووردا بگوازرێنەوە بۆ وشکانی، یەکێک لەو وڵاتانەی پێشنیازکراوە هێڵەکان پێیدا بگوازرێنەوە، عێراق و هەرێمی کوردستانە.
 
شڤان میسری، بەڕێوەبەری رێڕەوی باکوور لە کۆمپانیای GBI ئەمڕۆ (دووشەممە، 12-02-2024) لە رێگەی زوومەوە لە قەتەر بەشداری بووڵەتنی کاژێر 09:00ـی رووداو بوو گوتی: هیچکات وەک ئێستا ئەم مژارە بە جدی وەرنەگیراوە، کە هێڵەکانی ئینتەرنێت بە عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایەوە.
 
شڤان میسری دەڵێ "عێراق، تاکە رێڕەوی سەلامەتە، کە کەنداو و ئەوروپا بەیەکەوە گرێبدات، چونکە ئینتەرنێت کاریگەریی راستەخۆی لەسەر کەرتی بازرگانی، سەربازی و پزیشکی هەیە و دەبێت رێگەکانی دەستگەیشتن پێی، هەمەچەش بکرێن."
 
97 ٪ـی ئینتەرنێت لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی دەریای سوور و نۆکەندی سووێسەوە دەگوازرێتەوە، شڤان میسری دەڵێت: قازانجی مسر لە گواستنەوەی ئینتەرنێت ساڵانە تەنیا لە قازنجی راستەوخۆ 350 ملیۆن دۆلارە، کە لە چرکەیەکدا 120 تێرابایت ئینتەرنێت بەو وڵاتەدا دەگوازرێتەوە.
 
بەگوێرەی داتاکان ساڵانە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەڕێژەی 30٪ زیاد دەکات و بەو شێوەیەش ئەگەر عێراق 40٪ـی ئەو ئینتەرنێتە بەکار‌هێنراوەی نێوان کەنداو ئەوروپای پێدا بگوازێتەوە، دەتوانرێت لە چرکەیەکدا 100 تێرابایت ئینتەرنێت بە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە.
 
شڤان میسری، دەڵێت: بەگوێرەی ئەو داتایانە بێت، داهاتی راستەوخۆی عێراق ساڵانە 150 ملیۆن دۆلار دەبێت. گواستنەوەکەش بەم شێوەیە دەبێت؛ لە فاوەوە دەستپێدەکات بەنێو خاکی عێراقدا دەڕواتە تورکیا، پاشان دەگەیەنرێتە ئەوروپا، لە باشووریشەوە بە ئاوەکانی کەنداودا دەڕوات و لەوێشەوە بۆ ئاوە نێودەڵەتییەکان."
 
بەڕێوەبەری رێڕەوی باکوور لە کۆمپانیای GBI ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی وەک مێتا، گووگڵ، مایکرۆسۆفت، ئەمازۆن، تیکتۆک و ئۆراکڵ کە بە چەند تێرایەک پشکیان لە گواستنەوەی ئینتەرنێت لە دەریای نێوەڕاستدا هەیە، بەشداربن لە گواستنەوەی ئینتەرنێت لە رێگەی خاکی عێراقەوە.
 
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئینتەرنێت، کاتی پێویست بۆ گواستنەوەی ئینتەرنێت بەنێو خاکی عێراقدا بۆ ئەوروپا، کەمترە کاتی گواستنەوەی ئینتەرنێت بەنێو خاکی میسردا.
 
شڤان مسری گوتیشی "گواستنەوەی ئینتەرنێت لە رێگەی میسرەوە لە چرکەیەکدا 120 میلی سێکەندە، بەڵام لە عێراقەوە 85 میلی سێکەندە."
 
ئەم گواستنەوەیە سوودی زۆری دەبێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هێنانی سەرمایەی بیانیی بۆ هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی ئینتەرنێت و رەخساندنی هەلی کاری زۆر.
 

عێراق جگە لەوە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەی ئاسمانییە. ناسر حوسێن، وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە ساڵی 2020 رایگەیاندبوو، كرێی فڕینی ھەر فڕۆكەیەك بەسەر ئاسمانی عێراق 450 دۆلارە، ژمارەی ئەو فڕۆكانەی رۆژانە بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن 260 فڕۆكەن و ھەندێك جار لەم ژمارەیە زیاترە، كۆمپانیای ئاسمانی بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی كاروباری فڕین لە ئاسمانی عێراقدا، ئەمەش بەو واتایە دێت، داھاتی عێراق لە ترانزێتی فڕۆكەكان رۆژانە دەگاتە 120 ھەزار دۆلار".
 
شڤان میسری دەڵێت: زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکانی فڕۆکە لە کەنداوەوە بە ئاسمانی عێراقدا دەڕۆن، بۆ ئینتەرنێتیش بەهەمان شێوە دەبێت. چونکە کۆمپانیاکان کورتترین و سەلامەتترین رێگە هەڵدەبژێرن، کە جوگرافیای عێراقیش بۆ ئەوە زۆر گونجاوە.
 
کێبڵەکانی گواستنەوەی ئینتەرنێت لە ژێر دەریای سوور وەک ژێرخانی دیجیتاڵیی گرنگ کاردەکەن، زیاتر لە 95%ـی داتا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەرێگەی ئەم کەیبڵانەوە کاردەکەن و، رۆژانە بە بەهای نزیکەی 10 تریلیۆن دۆلار مامەڵەی دارای لەرێگەی ئەو کێبڵانە دەکرێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە