پارێزگاری بانکی ناوەندی: مانگی رابردوو پارەدانی ئەلیکترۆنی دوو تریلیۆن دینار بووە

11-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو دوو تریلیۆن دینار کڕین و فرۆشتن لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە کراوە و بەراورد بە یەکەم مانگی ئەم ساڵ، دوو هێندە زیادیکردووە.

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە وۆرکشۆپی تایبەت بە خێراکردنی وەرچەرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بەغدا رایگەیاند: "بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ کارنامەی حکومەت و بە رێنمایی سەرۆکوەزیران کار بۆ پشتیوانیکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکات، بەشێوەیەک لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ دوو تریلیۆن دینار قەبارەی کڕین و فرۆشتن بووە لە رێگەی ئامێرەکانی ئەلیکترۆنییەوە، لەکاتێکدا مانگی تەممووزی پار تەنیا 800 ملیار دینار بووە."
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی: "ئەو بڕە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تەنیا یەک تریلیۆن دینار بووە."
 
سەبارەت بەو پارانەی لەرێگەی ئەلیکترۆنییەوە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، روونیکردەوە: "ئەو بڕە پارەیە لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ، 912 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا تەممووزی ساڵی 2023، تەنیا 287 ملیۆن دینار بووە."
 
حکومەتی عێراق بەشێکی زۆری پارەی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان و باج و رسوومات لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە وەردەگرێت. پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی بەنزینخانەکانەوە باسی لەوە کرد: "پرۆسەی پێدانی پارە لە وێستگەکانی سووتەمەنی بەتەنیا لە بەغدا بۆ 44 ملیار دینار لە تەممووزی ئەم ساڵ زیادیکردووە، لەکاتێکدا ئەو پارەیە لە هەمان مانگی پار تەنیا 183 ملیۆن دینار بووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش 4.5 ملیار دینار بووە."
 
هەروەها ئەم ساڵ لەڕێگەی 50 هەزار خاڵەوە پارەپێدان دەکرێت، لەکاتێکدا پار تەنیا لە 11 هەزار خاڵەوە بووە، بەشێکیان لە دامەزراوە حکومییەکان بوو کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو هیچ خاڵێک نەبووە.
 
روقیە نووری، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ قەبارەی کڕین و فرۆشتنی ئەلیکترۆنی لە عێراق دەگاتە زیاتر 20 تریلیۆن دینار، ئەو کولتوورە گرنگە پەرەی پێبدرێت و پارەی کاش کەمترین مامەڵەی پێوەبکرێت، جگە لە پارێزگارییەکەی، هۆکارێکە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی دارایی دەگونجێت."
 
1ـی حوزەیرانى 2023، بانکى ناوەندیى عێراق لە دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، ئامانج لەو بڕیارەی، بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانیدا.
 
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە 1ـی حوزەیرانەوە بە فەرمى دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى، تاوەکو هاووڵاتییان لە رێگەى کارتى بانکییەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.
 
ئەو هەنگاوەى حکومەتى عێراق بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار و رێگرییە لە سپیکردنەوەى پارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.