رووداو دیجیتاڵ
ئەو گازەی حکومەتی عێراق لە کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەستێک لە کۆمپانیاى نەفت هیلالی دەیکڕێت، تێچووی کڕینەکەی 40٪ کەمترە لەو گازەی لە ئێران دەیکڕێت. کۆمپانیاکە باج و وەزارەتى کارەباش رسوماتەکەى دەدات.
60%ى پارەى گازى ئێران
بەگوێرەى راسپاردەى لیژنەیەکى وەزارەتى کارەبای عێراق لە بارەى وردەکاریی دانوستاندن و پێشنیازەکانى بۆ کڕینى گازى کۆرمۆر لە کۆمپانیاى نەفت هیلالى ئیماراتى، لە 6ى نیسانى 2024 لە باڵەخانەى وەزارەتى کارەبا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکە کراوە لە بارەى نرخى ئەو گازە وشکەى لێى دەکڕن بۆ ئەوەى بگوێزرێتەوە بۆ وێستگەى گازى کەرکووک.
لەو کۆبوونەویەدا کۆمپانیاى نەفت هیلال پێشنیازی کردووە گازەکەى بەگوێرەى یەکەى گەرمى بەریتانى لێ بکڕدرێت، کە بۆ یەک ملیۆن ئەو یەکەیە 3.5 دۆلارى پێبدرێت. بەپێی ئەو پێوەرە بەریتانییە بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا پێویستی بە 12 دۆلارە.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 22ى ئايار رەزامەندى دەربڕى 100 ملیۆن پێ سێجا گازى لە کۆمپانیاى نەفت هیلال بکرێت بۆ ئەوەى لە بەرهەمهێنانى کارەبا بەکارى بهێنێت.
بەگوێرەى کۆنووسەکە کۆمپانیاى نەفت هیلال داواى کردووە لە باج و رسومات و پێشکێشکردنى راپۆرتى ئەرێنیى ئەدا، ببەخشرێت، کە لە رێنماییەکانى جێبەجێکردنى گرێبەستەکانى ساڵى 2014 هاتووە.
نوێنەرانى وەزارەتى کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە کۆمپانیاى نەفت هیلال کردووە گازەکەی بە نیوەی نرخی ئەو گازە پێ بفرۆشن کە لە ئێرانی دەکڕن، بەڵام کۆمپانیاکە داوای 60٪ی نرخی گازی ئێرانی کردووە و پێی راگەیاندوون ئەو نرخەى دایانناوە نرخى "کۆتاییە".
دواتر ئەنجوومى وەزیران لە 9ى ئایار، رەزامەندى داوە لەسەر پێشنیازەکانى راسپاردەى وەزارەتى کارەبا لە بارەى نرخى گازەکەى کۆرمۆر.
حکومەت باج و رسومات دابەش دەکات
بەگوێرەى نووسراوى فەرمى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران کە لە 22ى ئایار دەرکراوە، وردەکارى بڕیارى رەزامەندى تێدایە لە بارەى گرێبەستى نێوان وەزارەتى کارەبا و کۆمپانیاى نەفت هیلال.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، وەزارەتى کارەبا گرێبەستەکە واژۆ بکات بەو مەرجەى نەفت هیلال باج بدات و وەزارەتى کارەبا رسوماتى ئەو گرێبەستە بگرێتە ئەستۆ.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو پرسە بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، "رەزامەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە بۆ ئەو گرێبەستە، بەڵام کۆمپانیاى نەفت هیلال بە وەزارەتى کارەباى فیدراڵى رایگەیاندووە کە تاوەکو دواى وەرزى هاوین گرێبەستەکە واژو ناکات."
رۆژی دووشەممە 10-06-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە حەمید جەعفەر دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرووپی کۆمپانیاکانی ئەلهیلال کرد.
مەسرور بارزانی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "گفتوگۆمان لەبارەی کار و پڕۆژەکانی گرووپەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و جەختمان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی ژێرخانی ئابووری و وزە کردەوە."
بەگوێرەى کۆنووسى وەزارەتى کارەبا، دەستپێکردنى گرێبەستەکە لەگەڵ ناردنى گازى کۆرمۆر دەبێت بۆ وێستگەى کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ