عێراق بڕیاریدا قەرزی خانووبەرە بکرێتە 60 ملیۆن دینار

11-04-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا بڕیاریدا قەرزی خانووبەرە بۆ 60 ملیۆن دینار زیاد بکرێت. 
 
بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 11-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری تاوتوێکران سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کە زیانیان لە رێگە سەرەکییەکان داوە، ئەوە وێڕای هەڕەشە بۆسەر سەلامەتیی گشتی و گرنگیی رێکخستنی کێشی بارەکانیان. ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیدا هەر بارهەڵگرێک پێویستە کێشی رێگەپێدراو باربکات و لەوە زیاتری بارکرد بارە زیادەکەی بەتاڵ دەکرێت و سزای دارایی دەدەرێت. 
 
هەروەها لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی خەڵک و کارکردنی زیاتری سندووقی نیشتەجێبوونی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیدا قەرزی خانووبەرە بۆ 60 ملیۆن دینار زیاد بکات. 
 
لەوبارەوە بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، قەرزەکە بە ماوەی 15 ساڵ دەدرێتەوە. 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 26-02-2019 بڕیاریدا قەرزی خانووبەرە زیاد بکرێت بەم شێوەیە؛ لە بەغدا لە 35 ملیۆن دینار کرایە 50 ملیۆن دینار؛ قەزا و ناحییەکانی بەغدا لە 30 ملیۆن کرایە 40 ملیۆن دینار؛ ناوەندی پارێزگاکان لە 30 ملیۆن کرایە 40 ملیۆن و لە قەزا و ناحییەی پارێزگاکانیش لە 30 ملیۆنەوە کرایە 35 ملیۆن دینار؛ ماوەی دانەوەی قەرزەکەش لە 15 ساڵەوە کرایە 20 ساڵ. 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا رەزامەندیدا بە خەرجکردنی  500 هەزار دۆلار بۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تا گرێبەست لەگەڵ دامەرزراوەی پارەدارکردنی نێودەوڵەتی (IFC) بکات، بە مەبەستی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە