بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی؛ 100 دۆلار بە 163 هەزار دینارە

10-10-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر رایگەیاند، بەهای دینار روو لە دابەزینە و 100 دۆلار بە 163 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.  
 
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،"دوێنێ دووشەممە کە بازاڕی دراو کرایەوە 100 دۆلار بە 159 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا کە ئێوارە بازاڕ داخرا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 160 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، ئێستاش (10:10)ـی بەیانی وردە وردە بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت و 100 دۆلار بە 163 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت."
 
دوێنێ دووشەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2023، بانکی ناوەندیی عێراق 201 ملیۆن و 82 هەزار و 400 دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە 32 ملیۆن و 470 هەزار دۆلاری بە نەختینە بوو و ئەوی دیکەی بە حەواڵە بوو. تاوەکو ئێستا بڕی ئەو دۆلارەی دەیخاتەڕوو بۆ ئەمڕۆ سێشەممە رانەگەیێندراوە. 
 
حاجی سابیر باواجی دەڵێت، ئەگەر بانک بڕێکی باش دۆلاری کاش بخاتە بازاڕەکانەوە ئەوە بەهای دینار بەزردەبێتەوە، بەڵام ئەگەر هەروەکو ئێستا بێت ئەوە بەهای دینار زیاتر دادبەزێت. دەشڵێت، "بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لەبەهای دینار و دۆلار روویداوە بازاڕ زۆر سستبووە و کاڵا گران بووە، چونکە بەشێکی زۆر لە بازرگانان بە دۆلار کاڵا هاوردە دەکەن."
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.
 
رۆژی 19ی تەممووزی 2023، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، سزای ئەمریکایان لەسەرە.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاندووە، کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە