رووداو دیجیتاڵ
بۆ ماوەی دوو رۆژی یەک لە دوای یەک نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە رۆژی هەینی ئۆنسەیەک زێڕ لە 2418 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 2431 دۆلار.
بەوپێیەش لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نرخی زێڕ بەڕێژەی زیاتر 2% بەرزبووەوە و بەشێکی زۆر لە زیانەکانی سەرەتای هەفتەی رابردووی قەرەبوو کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە ئاستی هەفتانە نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.6% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لە سەرەتای هەفتە، نرخی زێڕ بەڕێژەی 3% بەهای خۆی لەدەستدابوو.
زەین واودا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەهۆی داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا، نرخی زێڕ لە ماوەی مامناوەندا پێشبینی دەکرێت بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر بڕوات."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت ژمارەیەکی کەمتر لە پێشبینییەکان لە ئەمریکا داوای بیمەی بێکارییان کردووە، بووەتە هۆکار کە نیگەرانی بازرگانان لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کەمتر ببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سێ بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاند، کە بەبڕوای ئەوان کاتی ئەوە هاتووە کە لە مانگی داهاتووەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
رۆژی هەینی پێنوێنیی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەڕێژەی 0.1% دابەزی، کە بووە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی کانزای زەرد.
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا زیاتر لە جاران متمانەیان بەوە هەیە کە هەڵاوسان لەو وڵاتە رووی لە دابەزین کردووەوە بەو هۆیەشەوە بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 9 وە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لانیکەم بە رێژەی 0.25% دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ